19 عیراق

سەرۆک کۆمار: عێراق ڕووبەڕووی گەشەی خێرای دانیشتوان دەبێتەوە

08:01 - 30/06/2025

زەمەن پرێس:
سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، هۆکارە دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتیەکان فشارێکی زیاتر لەسەر ئابووری دروست دەکەن، لە کاتێکدا عێراق ڕووبەڕووی گەشەی خێرای دانیشتوان دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بەهەوڵی بەردەوام هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون وبەرەنگاربوونەوەی هەژاری و کەمکردنەوەی بێکاری گەنجان.
د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆمار لەمیانی بەشداریکردنیدا لە چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان لە شاری سێڤیلیای ئیسپانیا ووتەیەکی پێشکەش کرد رایگەیاند: ئەم کۆنفرانسە لەهەلومەرجێکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا بەڕێوەدەچێت کە چەند ناوچەیەکی جیهان دوچاری جەنگ و ململانێ و قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاردانەوەکانی ئەم قەیرانانە لەپرۆسەی گەشەپێدان و پەکخستنی پلانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لەوڵاتانی تازەپێگەیشتودا، کە چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگەکانی ئێستا، وەک بنەمایەکی بنەڕەتی بۆ پێشخستن و گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەپەرۆشەوە دەڕوانێتە ئەم کۆنفرانسە گرنگە و پشتیوانی توندی دەکات، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەبەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەپێدان و چاکسازی ئابووری کە ڕەنگدانەوەی لەسەر گەلانی جیهان دەبێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، عێراق بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە گرنگە دەکات و بەتوندی پاڵپشتی دەکات، لە پێناوی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە بەرەوپێشبردنی گەشەپێدان و چاکسازی ئابووری، کەڕەنگدانەوەی لەسەر گەلانی جیهان بە گشتی دەبێت و یەکگرتنی ئابووری نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەدەست دەهێنێت.
روونیشیکردەوە، لەگەڵ فراوانبوونی کەلێنی نێوان زۆرترین و کەمترین وڵاتانی پێشکەوتوو، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەموو سەرانسەری جیهانی گرتەوە، هەر چەند زۆرترین کاریگەری لەسەر وڵاتە لاوازەکان لەڕوی ئابووریەوە دروستکردوە.
لەتیف رەشید دەشڵێت: پێمان وایە گەیشتن بەو ئامانجانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت پێش تەواوکردنی ئەم ئەرکانە لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەنجام بدرێت، دواتریش بچێتە قۆناغی پاڵپشتیکردنی کەمترین پێشکەوتووترین و هەژارترین وڵاتان لەڕێگەی بانکی گەشەپێدانی فرەلایەنەوە، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی زانیاری بۆ ووڵاتە هەژارەکان، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە بەرچاوەی ئاستی داهات لە نێوان وڵاتانی جیهاندا هەیە.
لەتیف رەشید باسی لەوەکرد، عێراق ئەمڕۆ شایەتحاڵی سەقامگیرییەکی ئەمنی و پێشکەوتنی ئابورییەکی بەرچاوە لە هەموو بوارەکاندا ، پێویستی بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پێشخستنی پلانەکانی ئاوەدانکردنەوە وبۆ بەردەوامی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی عێراقییەکان.
هەروەها وتیشی: حکومەت دەستیکرد بە باشترکردنی ژێرخانی و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ لەکەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئاو، وزەی بەردەوام، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند، عێراق بەردەوامە لە دروستکردنی هاوبەشی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وهاوکارییەکی بەرفراوان لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبوارە جیاوازەکاندا، عێراق لەم دواییانەدا سەرۆکایەتی گروپی ٧٧ و چینی کرد بۆ ساڵی ٢٠٢٤، وەک دوپاتکردنەوەی گەڕانەوەی بۆ ڕۆڵی نێودەوڵەتی و ناوچەیی خۆی سەبارەت بە هەماهەنگی کردنی پرسەکانی گەشەپێدان.
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت بە پەرۆشەوە کاری کردووە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی و چاکسازیی کارگێڕی بەپاڵپشتیکردنی کاری دامەزراوە ئامارییەکان و چالاککردنی سیستمی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، ئەمەش لەسەر بنەماکانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، و دامەزراندنی هاوبەشی ڕاستەقینە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، لەوانە پێکهێنانی ئەنجوومەنی هەمیشەیی بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و لەخۆگرتنی نوێنەرانی چالاکیە ئابوورییەکان، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا.
خوشکان برایانی بەڕێزان..
سەرۆک کۆمار دەڵێت: عێراق ڕێگایەکی دوور و درێژی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەچوارچێوەی دیدگەمان بۆساڵی ٢٠٣٠، چەندین ئاڵنگاری هەیە لەم ڕووەوە، لەوانە پشتبەستنی زۆر بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی نیشتمانی، ئەمەش وا دەکات ئابووری عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگ بێتەوە لەبەرامبەر گۆڕانکاریەکانی بازاڕی جیهانیدا، هەروەها لاوازی کەرتەکانی نا نەوتی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، و گەشتیاری بە بەراورد بە کەرتی نەوت.
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و ئاستەنگە ژینگەییەکان دەبێتەوە، لەوانە کەمی ئاو بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا، بەرزی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە لە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە، ئەم ئاڵنگارییانە بریتین لە بەبیابانبوون، زیادبوونی زریانی تۆز و لاوازی ژێرخانی ئاودێری.
هۆکارە دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتیەکان فشارێکی زیاتر لەسەر ئابووری دروست دەکەن، لە کاتێکدا عێراق ڕووبەڕووی گەشەی خێرای دانیشتوان دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بەهەوڵی بەردەوام هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون وبەرەنگاربوونەوەی هەژاری و کەمکردنەوەی بێکاری گەنجان.
هەر لە وتارەکەیدا سەرۆک کۆمار باس لەوەشکرد، ىبۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییانە، حکومەت زنجیرەیەک چاکسازی دەستپێکردووە بۆ بەرزکردنەوەی هەلی گەیشتن بەئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، حکومەت پابەندە بە کارنامەی گەشەپێدانی ساڵی ٢٠٣٠، وتێکەڵکردنی بە پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی، وەک پلانی پێنج ساڵەی ٢٠٢٤-٢٠٢٨، و دامەزراندنی یەکە و بەشە تایبەتەکان بە چاودێریکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەناو وەزارەت و دەستەکاندا، هەروەها حکومەت سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان دابین کردووە، عێراق خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و ئاو و زەوییە کشتوکاڵیەکانە، کەدەتوانرێت بەشێوەیەکی بەردەوام وەبەرهێنانیان لەسەر بکرێت، ئەمەش لەگەڵ بوونی توانا مرۆیی گەنجانی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنێت، بناغەیەکی بەهێز بۆ داهێنان و گەشەکردن دابین دەکات.
هاوکات جەختیکردەوە، عێراق کاری کردووە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و ئامار، هەروەها پڕۆژە بۆ نوێکردنەوەی داتای ئاماری نیشتمانی دەستیپێکردووە دوای تەواوبوونی سەرکەوتووانەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، بەکارهێنانی سیستمی زانیاری جوگرافی لە پلاندانانی خزمەتگوزاریدا فراوانتر بووە، هەروەها ڕۆڵی گەشەسەندنی میدیا، کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت.
ئامادەبوانی بەڕێز..
لەبارەى سەقامگیری عیراق لەتیف رەشید رایگەیاند، عێراق شایەتحاڵی سەقامگیری ئەمنی و سیاسییە لە هەموو پارێزگاکانیدا، دەرفەتی زیاتر بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە دەڕەخسێنێت، چاوەڕوانی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی گەشەپێدانی ئابووری، ئەمڕۆ ژینگەیەکی وەبەرهێنانی ئومێد بەخشە بۆ ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی کە ئارەزووی کارکردنیان هەیە تێیدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن