هەرێم و بەغدا لە ڕێککەوتنی کۆتایی نزیکدەبنەوە
07:31 - 28/06/2025
زەمەن پرێس:
پەرلەمانتارێکی پارتى رایدەگەیەنێت، ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی
هەرێم و بەغداد بگەنە رێککەوتن و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستپێبکاتەوە، لە دوێنێوە گفتوگۆ
دەستیپێکردووەو چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک بگەنە رێککەوتن.
سەباح سوبحی پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی
عێراق بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند: ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ
ئەوەی هەرێم و بەغداد بگەنە رێککەوتن و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە
دەستپێبکاتەوە، لە دوێنێوە گفتوگۆ
دەستیپێکردووەو چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک بگەنە رێککەوتن و کۆتایی بە کێشەی
هەناردەی نەوت و نەناردەی موچە بێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، شاندێکی حکومەتی عێراق، لە وەزارەتی نەوت،
دارایی، تەکنیکی و سیاسی پێکهاتووە، لە دوێنێوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووەو
بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی راپۆرتێک
ئامادە بکەن، لە یەک نزیکبوونەتەوە، ئەو کێشانەی هەبوون زەحمەت نین چارەسەر بکرێن.
پەرلەمانتارەکەى پارتى روونیکردەوە، ئێستا 110هەزار بەرمیل بۆ
ناوخۆ بەکار دێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت 280 هەزار بەرمیل بۆ 300 هەزار بەرمیل
لەڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە بکات، کە هەمووی دەکاتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل، خۆشی
ڕێککەوتن بەو شێوەیە کراوە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە تەواو بکرێت کێشەی موچە چارەسەر
دەبێت و مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت.
باس لەوەش دەکات، ماددەی 12 هەیە لە یاسای بودجە باس لەوە دەکات
دەستەیەکی راوێژکاری بیانی بێن کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت
دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتن دێت.
هاوکات سەباح سوبحی پێویستە عێراق دوو هەنگاو بنێت، ئەوانیش قەرزی
کۆمپانیاکان بداتەوەو زەمانەتێک بۆ پێدانی پارەی ئەوان هەبێت، بۆیە ئەمجارە
ئومێدێک هەیە، گفتوگۆکانیش زۆر درێژە ناکێشن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، ئێستا لەو
خاڵەی پێشتر لێی وەستابوون دەست بە گفتوگۆ کراوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش
نیەتێکی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.
سەباح سوبحی جەختیشیکردەوە، ناکرێت تا هەشت مانگی دیکە خەڵک
بێ موچە بێت، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات،
(ئەپیکور)یش ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت،
تەنها داوایان کردووە دوو خاڵ جێبەجێ بکرێت، ئەوانیش دانەوەی قەرزو زەمانەتێک بۆ
سەرفکردنی 16 دۆلاری دەرهێنانی نەوت.