نوێنەری ترەمپ بەڕێوەیە بگاتە هەولێر
04:38 - 28/06/2025
زەمەن:-
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە، پێشبینیش دەکرێت هەر لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدیش کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە و ئەگەری زۆریشە لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کۆببێتەوە.
هاوکات، سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، "باراک مەسرور بارزانی گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک پرسی بەپەلە دەکەن کە پەیوەستن بە سووریا و عێراق"، کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسیان لێوەکرابوو، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت بەپێی سەرچاوەکان، ئەگەری زۆرە تۆم باراک لە سەردانەکەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کۆببێتەوە، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی کۆبوونەوەکە نەکردووە، باسی لەوەش نەکردووە تۆم باراک سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات یان نا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی لە هەرێمی کوردستان بێت.