35وتار

ناکۆکی‌و ململانێی ئێران‌و (ئیسرائیل-ئەمریکا) لەسایەی (میحوەری مقاوەمەت)دا

6/25/2025 11:41:00 AM
نیاز سه‌عید عه‌لی

    
پێشینەی پەیوەندیەکان

بەگەڕان بەناو مێژووی هاوچەرخی ئێران، لەگەڵ هەردوو وڵات و پەیوەندیەکانی نێوانیان، دەرئەکەوێت هیچ جۆرە ناکۆکی و ململانێیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل؛ تاکو کۆتاییەکانی سیستەمی پاشایەتیی محەمەد ڕەزا شا (١٩١٩-١٩٨٠)، کە لەسەرەتای ساڵی (١٩٧٩)دا؛ کۆتایی بەفەرمانڕەوایی هات، نەک لەئارادا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەقۆناغی محەمەد ڕەزا شا (١٩٤١-١٩٧٩)؛ پەیوەندیی دۆستانەو بەهێز، لەسەر بنەمای تێڕوانین و بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوانیاندا هەبووە، تەنها لەقۆناغیکی دیاریکراودا نەبێت؛ کە تیایدا پەیوەندیی نێوان ئەمریکاو ئێران تێکچوو، ئەویش لەسەرەتاکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا؛ ئەو کاتەی ڕەزا شای باوک، هاوکاریی ئەڵمانیای نازی کرد بەپێدانی نەوت و بەهۆیەوە لەساڵی (١٩٤١)دا؛ لەلایەن (وڵاتانی هاوپەیمان) لەفەرمانڕەوایی دوورخرایەوەو ڕەوانەی باشووری ئەفریقایان کردو محەمەدی کوڕیان خستە شوێنی .

ئەتوانین بڵیین؛ پەیوەندیی ئێران و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لەدوای دانپیانانی یەکەمی ئێران، بەئیسرائیل لەساڵی (١٩٥٠)و بەدوایدا ڕێپێدان و ئاسانکاریی ئێران؛ بۆ کۆچکردنی دەیان هەزار هاوڵاتیی جوو؛ لەعێراقەوە بەناو ئێراندا؛ بەرەو ئیسرائیل گەشەیکرد.

لەوێستگەیەکی تری مێژوویدا، پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەردوو وڵات زیاتر پێشکەوت؛ ئەویش لەدوای دوورخستنەوەی محەمەد موسەدەقی سەرۆک وەزیرانی ئێران، کە زۆر ناکۆک بوو لەگەڵ شا؛ بەکودێتایەک لەساڵی (١٩٥٣)، ئەویش بەپلان و بەسەرپەرشتیی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)و دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا؛ لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری لایەنگری شا، شایەنی باسە موسەدەق پێش دوورخستنەوەی، بڕیاری دانپیانان بەئیسرائیلی هەڵوەشاندبووەوە.

لەدوای کودێتاکە؛ شا ڕێی بەئیسرائیل دا، جارێکیتر بارەگای نێردەی دیبلۆماسی لەتاران بکاتەوە، بەدوایدا پەیوەندیی بازرگانیی نێوانیان گەشەیکرد، پاشان لەساڵی (١٩٦٠)دا؛ بۆ دووەمجار ئێران دانی نایەوە بەئیسرائیل.

پاش دەستپێکردنی جەنگی سارد، یەکێک لەو دۆسیە گرنگانەی کە ڕۆڵی هەبوو لەزیاتر نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا و پاڵپێوەنانیان؛ بۆ هاوهەڵویستی و کاری هاوبەش، بریتیبوو لەبەرەنگاربوونەوەی گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڕەوتی ناسری و ڕەوتی چەپ لەناوچەکەدا.

لەم سۆنگەیەوە دەزگای هەواڵگریی هەر (٣) وڵات؛ (سی ئای ئەی، مۆساد، ساواک)، لەساڵی (١٩٥٧)، ژوورێکیان بۆ هەماهەنگی دروستکردو یەکێک لەئامانجەکان بریتیبوو؛ لەلاوازکردنی پارتی تودە لەئێران، کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن بنکەی جەماوەریی بەهێزبوو؛ پەیڕەوی ڕێبازی کۆمەنیستی ئەکردو لەململانێێەکی سەختدا بوو لەگەڵ شا.

بەدرێژایی قۆناغی شا؛ پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی، هەواڵگری و سەربازی؛ ئابووری و بازرگانی؛ بەردەوام لەگەشەکردندا بووە، هەروەها هۆیەک کە کاریگەریی هەبوو، لەسەر نزیکبوونەوەی زیاتری ئێران و ئیسرائیل؛ ئەوەبوو هەردوو وڵات ناکۆکی و کێشە و ململانێیان، لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی هەبوو؛ ئیسرائیل بەهۆی کێشەی فەڵەستین و داگیرکردنی دوورگەی سیناو بەرزاییەکانی جۆلان، ئێرانیش لەگەڵ میسری سەردەمی عەبدولناسرو عێراق و هەندێک لەوڵاتەکانی کەنداو، بەتایبەتی بەحرەین و ئیمارات.

وەرچەرخانی ئەمریکا لەدژی شا
نزیکبوونەوەی شای ئێران لە(سۆڤیەت)و ئامادە نەبوون بۆ تازەکردنەوەی ڕێککەوتننامەی پەیوەست؛ بەدۆزینەوەو دەرهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت، لەگەڵ (کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی بەریتانی)، لەساڵی (١٩٧٨)و هەنگاونان بۆ داڕشتن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەکی تازە، لەگەڵ (کۆمپانیای نەوتی سۆڤیەتی)؛ بووە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایی ئەمریکاو بەریتانیا لەشای ئێران، بەتایبەتی کە (سۆڤیەت) ئەیوست لەسایەی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا، پێگەو پەلی بگاتە سنووری کەنداو، ئەویش بۆ ئامانجی چوونە سەرسنووری (ئاوە گەرمەکان)و شکاندنی ئەو گەمارۆیەی کە (پەیمانی ناتۆ)، لەسنووری توورکیاو باشووری ئەوروپاو دەریای سپی ناوەڕاستدا؛ بەسەر (پەیمانی وارشۆ)دا سەپاندبووی، بۆ بەرپێگرتن بەجموجۆڵ و پێشڕەویکردن و نزیکبوونەوەی (سۆڤیەت)؛ لەباکووری ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو، بەتایبەتی کە کەنداو سەرچاوەیەکی سەرەکیی دەوڵەمەندی بەرهەمهێنانی نەوت و غازەو ڕێڕەوێکی بازرگانیی گرنگ و ستراتیژیە لەجیهاندا، هەر بۆیە (سۆڤیەت)، بەدەر لەکایەی ئابووری، لەڕووی پێگەی ستراتیژیشەوە چاوی لەسەر دۆزینەوەی بەرژەوەندیی تازە بوو لەکەنداو؛ وەکو دەروازەیەک بۆ گواستنەوەو گەیشتن بە(ئاوەگەرمەکان).

دیارە پەلهاویشتنی (سۆڤیەت)، ئەبووە هەڕەشەو مەترسی لەسەر پێگەو بەرژەوەندی و بنکە سەربازیەکانی (پەیمانی ناتۆ)؛ بۆیە ئەبوو شکستی پێبهێنن، هەر بۆیە لەچوارچێوەی ململانێکانی جەنگی ساردداو وەکو کاردانەوە لەبەرامبەر نزیکبوونەوەی شای ئێران لە(سۆڤیەت)؛ ئەمریکا کەوتە داڕشتنی پلان؛ لەلایەک لەدژی شای ئێران، لەلایەکیتر لەدژی پەلهاویشتنی (سۆڤیەت) لەناو ئێران.
کاتێک خۆنیشاندانەکان لەدژی شا؛ لەساڵی (١٩٧٨)دا، چووە ئاستێکی بەرفراوان، ئەمەریکا و (ناتۆ)، پشتیانکردە مانەوەی سیستەمی شا، ئەوە بوو لەڕێگەی جیاجیاوە، بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کەوتنە دەستتێوەردان لەکاروباری فەرمانڕەوایی ئێران و گۆڕانکاریی لەپۆستە باڵاکان، گۆڕانکاریەکان نەک نەبوونە هۆکاری سەقامگیری، بەڵکو سیستەمی شای لاوازتر کردو زەمینەی خۆشکرد بۆ هەرەسهێنانی.

یەکێکیتر لەدەستتێوەردانە زەقەکان، کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەڕووخاندنی شا؛ بریتیبوو لەبێلایەنکردنی سوپای ئێران، لەململانێی نێوان شاو خۆنیشاندەران؛ ئەویش بەفشارو گووشاری ئەمەریکا؛ کە خاوەنی پێگەو هەژموونێکی بەهێز بوو، لەناوی سوپای ئێران.

دەستبەرداربوون لەشای ئێران، لەلایەن ئەمریکا؛ گەیشتە ئەو ڕادەیەی کاتێک کە سیستەمی شا ڕووخا، ئەمریکا ئامادەنەبوو؛ مافی پەنابەری پێببەخشێت.
هاوکات ئیسرائیلیش هیچ هەڵوێستێکی پشتیوانی و هاوکاری؛ بۆ بەرگریکردن لەمانەوەی شاو هیچ هەڵوێستێکی دوژمنکاری لەدژی شۆڕش و خۆنیشاندەران نەنواند، کە پیاوانی ئایینیی بەڕابەرایەتیی گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی (١٩٠٢-١٩٨٩)؛ پێشڕەوایەتی ئەکرد.

زەمینەو هۆکاری تێکچوونی پەیوەندیەکان
بەهەڵهاتنی شا لەئێران، لەمانگی (١)ی (١٩٧٩)، جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەستی هێزە شۆڕشگێڕەکان، بەتایبەتی پیاوانی ئایینیی، فەرمانڕەوایانی تازە لەکاتی خۆنیشاندانەکانەوە، وەکو کاردانەوە لەدژی پەیوەندیی بەهێزی ئێران؛ لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، کەوتبوونە بەرزکردنەوەی چەندین پەیام و دروشم، لەدژی ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەوەبوو چەندین بڕیارو کرداریان لەسەر داڕشت؛ دیارترینیان بریتین لە:

١/خۆنیشاندەران و دەسەڵاتدارانی تازە، لەژێر کاریگەری و ئاراستەی دامەزراوەی ئایینیی (مەرجەعیەتی قووم)؛ بەتایبەتی بەهۆی پەیام و فەتوا کاریگەرەکانی (ئیمام خومەینی)، لەکاتی شۆڕش و لەدوای شۆرش؛ دروشمی ئایینیی توندیان لەدژی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرزکردەوە، ئەمریکایان بەشەیتانی گەورەو ئیسرائیلیشیان بەشەیتانی بچووک ئەناساند، هاواریان ئەکرد مردن بۆ ئەمریکاو مردن بۆ ئیسرائیل.

٢/هەڵکووتانەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەتاران، لەڕۆژی (٤/١١/١٩٧٩)؛ لەلایەن گروپێک لەخوێنکاران، ئەوەبوو دەیان هاوڵاتیی ئەمریکایان بەبارمتەگرت، شایەنی باسە دۆسیەی بارمتەکان، (٤٤٤) ڕۆژی خایاندو بووە هۆکاری دروستبوونی ململانێ و تەنگژەیەکی گەورە؛ بەرەو تێکچوونی پەیوەندیی نێوان حکومەتی تازەی ئێران و ئەمریکاو کاریگەری دروستکرد لەسەر تەشەنەپێسەندنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەمریکا لەساڵی (١٩٨٠)دا، بەفەرمی هەموو پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند و تاکو ئێستا بەسڕکراوی ماوەتەوە.

٣/دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران بارەگای نێردەی دیبلۆماسیی ئیسرائیلیان لەتاران، بەخشی بەڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین و کرایە باڵیۆزخانەی فەڵەستین.

شایەنی باسە دۆسیەی دانپیانان بەئیسرائیل؛ لەلایەی شای ئێران لەدووەمجاردا؛ بووە خاڵێکی تری ناکۆکی و گرژی؛ لەنێوان شاو دامەزراوەی ئایینیی، بەتایبەتی لەلایەن ئیمام خومەینی، کە دژی دانپیانانەکە ڕاوەستا.

ئەتوانین بڵێین ئەم زەمینەو پێشینەو هۆکارانە؛ لەلایەک بووە هۆکاری سەرەکیی پچڕانی هەموو پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابووری و سیاسیەکانی سیستەمی تازەی ئێران، لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، لەلایەکی تریش بووە؛ سەرەتاو زەمینە بۆ دروستبوونی چەندین گرژی و ئاڵۆزییتر  لەداهاتوودا.

میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی

 

 بەتێپەڕبوونی قۆناغ، چەندین دۆسیەو تەنگژەو خاڵی ناکۆکیی تر، بوونە زەمینەو هۆکاری گەیشتن بەم دۆخەی ئێستای شەڕ، لەنموونەی پشتیوانی و هاوکاریی ئێران؛ لەدامەزراندنی حیزبوڵڵای لوبنان لە(١٩٨٢)؛ سەرزەنشتکردنی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین لە(١٩٩٣)و هەوڵدانی ئێران بۆ نزیککردنەوەو ڕاکێشانی ڕێکخراوی حەماس و جیهادی فەلەستینی لەخۆی، ئەویش پاش ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە؛ لەلایەن هەردوو ڕێکخراوەوە.

جێی باسە شانبەشانی حیزبوڵڵا؛ هەردوو ڕێکخراو بەپشتیوانی و هاوکاریی ئێران، توانیان لەچەند قۆناغێکی جیاوازدا، درێژە بەکردەوەی سەربازی و شەڕکردن، لەدژی ئیسرائیل بدەن و شکست بەڕێککەوتننامەکە بهێنن.

بەم هەنگاوانە ئێران توانی، بەچەند قۆناغێک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی وابەستە، لەژێر هەژموونی خۆی دروستبکات، دواتر توانی ئەم بەرەیە فراوانترو بەهێزو کاریگەرتر بکات؛ بەرەو دروستکردنی میحوەرێک، بەناوی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) لەدژی ئەمریکاو ئیسرائیل؛ ئەمەش دوای ئەوەی جۆرج دەبلیو  بۆشی    سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (٢٠٠١ – ٢٠٠٩)، لەوتارێکدا ڕۆژی (٢٩/١/٢٠٠٢)؛ هۆشداریدا لەسەر هەڕەشەو مەترسیەکانی (میحوەری شەڕانگێزی)ی لەجیهاندا، بۆ ئەم مەبەستە (٣) وڵاتی بەشەڕانگێز دەستنیشانکرد، کە بریتیبوون لە(عێراق، ئێران، کۆریای باکوور).

سەرۆکی ئەمریکا لەوتارەکەیدا جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەو دژایەتیکردنی ئەو (٣) وڵاتە کردەوە، ئەوەبوو ساڵی دواتر لە(٢٠٠٣)؛ بەسەرپەرشتیی ئەمریکا پرۆسەی ڕزگاریی عێراق دەستیپێکردو بووە هۆی ڕووخانی سیستەمی فەرمانڕەوایی یەکێک لەوڵاتەکانی ئەو میحوەرە، هاوکات سوپاکەشی بووە دراوسێی وڵاتی دووەمی ناو میحوەرەکە.

بەهۆی ئەم ڕووداوو پێشهاتەوە، ئێران پێیوابوو ئەمریکا لەهەنگاوی دووەمدا؛ لەشکرکێشی ئەکاتە سەر وڵاتەکەی، بۆیە ئەبێت بکەوێتە خۆی و شکستی پێبهێنێت، ئەوە بوو کەوتە ڕاوێژو تەگبیرو مشور، توانای وڵاتەکەی بۆ تەرخانکرد، کەوتە داڕشتنی نەخشەو سینارۆ، توانی هێزو گروپە وابەستەو هاوپەیمانەکانی کۆبکاتەوەو سازیان بدات، پاشان بەشێوازی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، لەکەناڵی جیاجیاوە، کەوتە کۆششکردن بۆ شکستپێهێنان بەپلانی ڕووخاندنی دووەم وڵاتی دەستنیشانکراو بە(میحوەری شەڕانگێزی).

لەدوای ڕزگارکردنی عێراق، ئێران بەقۆستنەوەی چەندین ناکۆکی و ململانێی ئایینزایی و سیاسی لەناوچەکە، هاوکات بەسوودوەرگرتن لەچەندین ڕووداوو پێشهات، بەتایبەتی لەعێراق، سووریا، لوبنان، غەززە، باکووری یەمەن؛ توانی زیاتر پەلبهاوێژێت و پێگەو هەژموونی بەهێزی خۆی تیا جێگیر بکات، بەهۆیەوە سنووری چالاکی و مەودای کارکردنی (میحوەری مقاوەمەت)ی تیا کاریگەرو فراوان بکات، لەهەمانکاتدا لەڕووی تەکنەلۆژیای سەربازیەوە؛ پەرە بەجۆرو تواناکانی بدات، بەتایبەتی لەبواری بەرهەمهێنانی ڕۆکێتی دوورهاوێژو هەوڵدان بۆ بوون بەخاوەنی ئەتۆم.

ئەم پەلهاویشتنە بۆ فراوانکردنی (میحوەری مقاوەمەت)، تاکو کاتی ڕووداوی کوشتنی قاسم سلێمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران و هاوەڵانی لە(٣/١/٢٠٢٠)، هەنگاوی گەورەو بەرچاوی بڕی، جێی باسە قاسمی سلێمانی بەئەندازیارو جێبەجێکاری پرۆژەی ئەو میحوەرە لەقەڵەمئەدرێت.

شایەنی باسە (میحوەری مقاوەمەت)؛ لەڕووی بیرۆکەو تێزو پرۆژەوە، ڕەگوڕیشەی مێژوویی ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ کاتێک دەسەڵاتدارانی تازە، کەوتنە کارکردن بۆ ناردنە دەرەوەی پەیام و ئەزموونی شۆڕشی ئیسلامی، بۆ دەرەوەی ئێران و هەوڵدان بۆ دروستکردن و کۆمەککردن و ئاراستەکردنی چەندین پارت و ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسی چەکدار؛ دیارترینیان ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە(١٩٨٢)، حیزبوڵڵای لوبنان لە(١٩٨٢)، دواتر لەخۆگرتن و بوونە مەرجەع؛ بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە(١٩٩٤)، پاشان لەدوای ڕزگاریی عێراق؛ دروستکردنی چەندین هێزی ئیسلامی سیاسیی چەکداری وەلائیی بۆ مەرجەعیەتی قووم و بەستنەوەیان لەڕووی فیقهی و شەرعیەوە بەوەلی فەقێ؛ کە ئەکاتە گەورە ئایەتووڵڵا عەلی خامەنەئیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران.

جێی ئاماژەیە لەئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لەهێزەکانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای عێراق؛ بریتین لەهێزی وەلائیی، زۆرینەیان لەدوای سەرهەڵدانی ڕووداوەکانی سووریا لە(٢٠١١) و لەدوای دروستبوونی داعش لە(٢٠١٤)، بەپشتیوانیی قاسم سلێمانی دامەزران.

ئامانجەکانی (میحوەری مقاوەمەت)
(میحوەری مقاوەمەت) ڕەهەندێکی سەربازی، ئایدیۆلۆژی، ئایینزایی و سیاسیی ئاشکراو ڕوونی هەیە، لەبنەڕەتەوە بۆ (٣) ئامانج دامەزراوەو بریتین لە:
١/بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و سیاسەت و بەرژەوەندیە ناکۆکەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران لەناوچەکە؛ بەتایبەتی لەدۆسیەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران و دیدو سیاسەتەکانی ئەمریکا؛ لەسەر کێشەی فەڵەستین و بەتایبەتی غەززە، ڕووداوەکانی عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، کەنداوو...هتد.

٢/بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و سیاسەت و بەرژەوەندیە ناکۆکەکانی ئیسرائیڵ، لەگەڵ ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بەتایبەتی لەبواری هاوسەنگیی هێزو تەکنەلۆژیای سەربازی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، شانبەشانی کێشەی فەڵەستین، ڕۆڵی حیزبولڵا لەلوبنان، پەلامارو بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لەدژی حکومەتی بەشار ئەسەد، دواترینیان پەلهاویشتنی ئیسرائیل بۆ کەنداوو کردنەوەی باڵیۆزخانە لەبەحرەین و ئیمارات و...هتد.

٣/بەهێزکردنی پێگەو هەژموونی ئێران لەناوچەکەداو کارکردن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز؛ بەبەرژەوەندیی ئێران و بوونی ئێران بەسەنتەرو مەرجەعێکی سیاسی و ئایینیی بەهێز لەناوچەکەدا.

ئەندامانی (میحوەری مقاوەمەت)
ئەو حکومەت و گروپ و هێزە چەکدارانەی کە بوونەتە بەشدار لەو میحوەرەدا؛ لەسەر ئەم بنەماو خەسڵەتانەی خوارەوە لەو میحوەرەدا کۆبوونەتەوە:
١/ئەو حکومەتانەی کە لەناکۆکی و ململانێی ڕیشەیی و قوڵدان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکاو لەڕووی ئایینزاییەوە ئەگەڕێنەوە سەر ئایینزای شیعە؛ لەنموونەی ئێرانی خاوەن ڕێبازی جەعفەریی دوانزە ئیمامیی شیعە، سووریای خاوەن ڕێبازی عەلەویی بەڕەچەڵەک شیعەو حکومەتی حوسیەکانی خاوەن ڕێبازی زەیدیی بەڕەچەڵەک شیعە لەیەمەن، دیارە حوسیەکان لەژێر کاریگەریی فاکتەری ئایینزایی و بەهۆی پشتیوانی و هاوکاریکردنیان لەلایەن ئێران، لەدژی سعودیەو وڵاتانی کەنداوو هێزە سووننەکانی یەمەن؛ بوونەتە ئەندام لەناو ئەو میحوەردەا.
٢/بێجگە لەڕێکخراوی حەماس و جیهادی فەلەستینی؛ هەموو ئەو هێزو گروپانەی تر؛ کە ئەندامن لەو میحوەرەدا؛ سەر بە ئایینزای شیعەن.
٣/ئەو هێزو قەوارەو گروپە چەکدارانەی کە لەڕووی فیقهی و شەرعیەوە؛ ئەگەڕێنەوە سەر ویلایەتی فەقێ و ئایەتوڵڵای گەورە عەلی خامەنەئی؛ بەوەلی فەقێی خۆیان ئەزانن و بەگروپە وەلائیەکان ناسراون؛ لەنموونەی حیزبوڵڵای لوبنان، حیزبوڵڵای عێراق و ژمارەیەکی تر لەهێزی حەشدی شەعبی، لیوای فاتمیەکانی شیعەی ئەفغانستانی، لیوای زەینەبیەکانی شیعەی پاکستانی، سریەکانی ئەشتەر لەبەحرەین و...هتد.
٤/ئەو گروپ و لایەنانەی کە لەناکۆکی و ململانێی چەکداریی سەختدان و ئەمریکاو ئیسرائیل بەدوژمنی خۆیان ئەزانن، ئێران پشتیوانی و هاوکاریان ئەکات؛ بەچاوپۆسین لەفاکتەری ئایینزایی، لەنموونەی ڕێکخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی.

(میحوەری مقاوەمەت)و ئامانجی کەمەربەندی 
لەدوای سەرهەڵدانی ڕووداوەکانی سووریا لە(٢٠١١)؛ لەکاردانەوەدا ئێران ڕۆڵ و تواناو  قوورسایی و ئەرکی سەرەکیی (میحوەری مقاوەمەت)ی بەچڕی گواستەوە بۆ ناو سووریا؛ لەلایەک بۆ بەرگریکردن لەمانەوەی ئەسەد؛ کە حکومەتەکەی یەکێک بوو لەجەمسەرە سەرەکیەکانی ناو (میحوەری مقاوەمەت)، لەلایەکی تریش بۆ بەهێزکردنی حیزبوڵڵای لوبنان و نزیکبوونەوە لەگۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەو تەنگپێهەڵچنین لەگەڵ ئیسرائیل؛ لەسنووری سووریا، لوبنان، فەلەستین.
شایەنی باسە لەدرێژەی پەلهاویشتنەکان، ئێران توانی ببێتە خاوەنی پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژیی کاریگەر لەیەمەن، ئەویش بەقۆستنەوەی شەڕی ناوخۆ، لەڕێگەی پشتیوانی و کۆمەکردنی یەکێک لەهێزەکان؛ کە بریتیبوو لەبزووتنەوەی ئەنساروڵڵای خاوەن میلیشیای ناسراو بەحوسیەکان؛ کە زیاتر لەباکووری یەمەن نیشتەجێن و ڕەچەڵەکی ئایینییان، ئەچێتەوە سەر ئایینزای شیعەو بەزەیدیەکان ناسراون .
حوسیەکان توانیان لەساڵی (٢٠١٤)، سەنعای پایتەخت و بەدوایدا چەندین شاری تری گەورە؛ بخەنە ژێر جڵەوی خۆیان و بەردەوامن لەباڵادەستی و فەرمانڕەوایی شارەکانی باکووری یەمەن، لەئێستاداو لەدوای پێشهات و ڕووداوو گۆڕانکاریەکانی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لەسووریاو شکستەکانی حەماس و حیزبوڵڵاو داڕمانی غەززەو کەوتنە پەراوێزی حیزبوڵڵا لەلوبنان؛ حکومەتی حوسیەکان لەباکووری یەمەن؛ لەگەڵ ئەوەی کە ناوەناوە بەبۆردوومانی فڕۆکەو ڕۆکێت بەسەختی ئەکوترێن؛ بەڵام هێشتا هاوشان لەگەڵ هێزە سەربازیە وەلائیەکانی ناو عێراق، لەگۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە، پێشبینی ئەکرێت چارەنووسی ئەمانیش بکەوێتە ژێر کاریگەریی کاردانەوەو ئەنجامەکانی ئەم دۆخەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژی ئێران.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن