کۆمیسیۆن: ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت
02:12 - 28/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: ١٠ لایەنی سیاسیی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆمیسیۆن ناونووس کردووە و ١٠ لایەنی سیاسیی لە پارێزگای دهۆک خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی 11ـی 11ـی ئەمساڵ.
ئهمڕۆ شەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، "کورسییەکانی پەرلەمانیی پارێزگای دهۆک ١١ کورسین کە ٨ لەو کورسیانە بۆ پیاوانن، ٣ کورسی دیکەش بۆ ئافرەتانن، بەپێی یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢٣ـیش، سێ کورسی بۆ کۆتاکان دەبێت لە پارێزگاکە.
وتیشی: "لە ٢٦ـی حوزەیران، قۆناغی وەرگرتنی ناوی لیست و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆتایی هات، دوێنێ ناوی ئەم کاندیدانە ڕەوانەی بەغدا کران.
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت بەهۆی ئەوەی ئێستا پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ناوەکان دەکرێت، ئەگەری هەیە ڕێژەی ئافرەتیش زیاد بکرێت، دواتر ناوەکان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.
دەشڵێت: "هیچ کاندید و لایەنێکی سیاسیی بۆی نییە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات تاوەکو ناوەکان پەسەند نەکرێن و ماوەی دیاریکراو ئاشکرا نەکرێت بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن.
خالید عەباس ئاشکرای کرد، "١٠ لایەنی سیاسیی لە پارێزگای دهۆک خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی ١١ـی ١١ـی ئەمساڵ، ئەوانیش (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرەی گەل، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕەوتی هەڵوێست، سۆشیالیست، نەوەی نوێ، ڕەوتی بابلیۆن، ڕەوتی نیشتمانی ئاشووری)، دەڵێت: ٦١ کاندید لە پارێزگای دهۆک هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ دەدەن لە پارێزگاکە، ٤٠ لەو کاندیدانە پیاون، ٢١ کاندیدی دیکەش ئافرەتن، پێنج کەس بۆ کورسی کۆتاکان کاندید کراون کە سێ پیاو و دوو ئافرەتن، دوو کەسیش سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە.