ئەو كەسانەن مردوون، یان لە دەرەوەی وڵاتن یاخود دوو پسوولەی خۆراكیان هەیە بلۆک دەکرێن
02:21 - 28/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێكردنەوەی پسوولەی خۆراك، هەزاران ناو كە هی ئەو كەسانەن مردوون، یان لە دەرەوەی وڵاتن یاخود دوو پسوولەی خۆراكیان هەیە، بلۆك دەكرێن و ڕەش دەكرێنەوە و لەبەرامبەردا جۆر و كوالێتی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان باشتر دەكرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر ئاشکرایکرد، “بەردەوام جەختمان لە باشتركردنی جۆر و كوالێتی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان كردووەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا داوای زیادكردنی ڕێژەكەیشمان كردووە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو داوایانەمان پێشكەش كرد و بەرپرسانی وەزارەتەكەش پێیان ڕاگەیاندین، یەكێك لە هۆكارەكانی پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسووڵەی خۆراك ئەوەیە كە كوالێتی و جۆری بەشەخۆراك باشتر بكرێت”.
لەگەڵ ئەو نوێكردنەوەیەی پسوولەی خۆراك، ژمارەیەكی زۆر ناو لە پسووڵەی خۆراك ناویان ڕەش دەكرێتەوە ئەو ناوانەش بریتین لە ناوی مردووان و ئەو كەسانەی كە لە دەرەوەی وڵاتن یاخود ئەو كەسانەی كە دوو پسووڵەی خۆراكیان هەیە لەبەرامبەردا بڕی ئەو پارەیەی كە بۆ بەشەخۆراكی ئەو كەسانە تەرخان كراوە بەكاردەهێندرێت بۆ باشتركردنی كوالێتیی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان.