780 کوردستان

رونكردنەوەیەك لە مریەم عوسمانەوە بۆ موسەننا ئەمین: بۆ ئیشی خێزانی هاتبوون

04:52 - 22/06/2025

زەمەن - هەولێر

 

 لە رونكردنەوەیەكدا بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم، وەڵامی موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق دەداتەوە و دەڵێت: لە دیدی ئێمەوە وەرگێڕ (موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێ مووچە کردووە، بۆمان گرنگ نییە چۆن قسەمان لەسەر دەکەیت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەریی گشتیی خانەنشینی هەرێم، لەبارەی گرتەڤیدۆیەکی موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق ڕوونکردنەوەی دا و وتی: ئەمڕۆ ئەم پەرلەمانتارە بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەی کردووە و کاتێک هاتووەتە ژوورەوە یەکەم قسەی ئەوە بووە; "بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە".

دەشڵێت: کاری خێزانی و شەخسی خۆتان بە کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن و لە دیدی ئێمەوە وەرگێڕ (موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێ مووچە کردووە، ژنێکی بە تەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەک لە خزمەت و بە دەمەوەچوونی ئێمە ڕازی بن، کە بەسەرچاو خزمەتییان دەکەین، بۆمان گرنگ نییە چۆن قسەمان لەسەر دەکەیت.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی مریەم عوسمان، بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم:

ئەمڕۆ پەرلەمانتاری یەکگرتوو موسەننا ئەمین بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەی کردووەو کاتێک هاتۆتە ژورەوە یەکەم قسەی ئەوە بووە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە.

وەک بەرچاو ڕونی بۆ كاک موسەننا.

یەکەم من کەسێکی ئیشکەرو خزمەتگوزارم و ئەو کاتەی بۆ پێشوازی و ڕەسمگرتن و خۆ نواندنی بەڕێزت دەیکوژم، دە پانزە فایلی خەڵکی هەژارو خانەنشینی پێ تەواو دەکەم.

دووەم، تۆ پەرلەمانتاری عێراقیت و  تەنانەت بۆ بەدواداچون بۆت نییە بێیتە لای ئێمەو  ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان مەسئولین و دەرگامان کراوەیە ئەویش بە ڕێ و شوێنی پەرلەمانی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردووە، وەکو دیکەش جەنابت و هەر کەسێکی دیکە لای ئێمە وەک یەکن واستەو مەحسوبییەت لەلامان ناخوات.

سێهەم: کاری خێزانی و شەخسی خۆتان بەکوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن و لەدیدی ئێمەوە وەرگێڕی (موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێ موچەکردووە، ژنێکی بەتەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەک لە خزمەت و بەدەمەوە چونی ئێمە ڕازی بن، کە بەسەرچاو خزمەتییان دەکەین،بۆمان گرنگ نییە وەرگێڕێکی موچەبڕان چۆن قسەمان لەسەر دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن