بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی هەرێم: بەشی شەش مانگ خۆراکمان هەیە و هیچ مەترسییەک نییە
01:19 - 14/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: جموجۆڵی بازرگانی و هاوردەکردنی خۆراك و پێداویستییەکان لە نێوان ئێران-هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا کە جموجۆڵی بازرگانی هەرێمی کوردستان-ئێران ڕانەگیراوە و هیچ مەترسییەکیش لەسەر کەمی خۆراك نییە، بەو پێیەی بەتەنها کۆگاکانی خواردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەشی شەش مانگ خواردنییان تێدایە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی خۆراك زیاتر لە تورکیاوەیە و ئێستاش هاوردەکردن بەردەوامە و وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دوپاتیکردوەتەوە کە تەنانەت بۆچەند مانگێك بەشە خۆراك بۆ تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبەردەستدایە.
باسی لەوەشکرد: لیژنەکانییان لەم دۆخەدا زیاتر کردوە بەمەبەستی رێگریکردن لە بەرزکردن و گرانکردنی نرخی خۆراك، وتیشى، لیژنەکانییان بەردەوام سەردانی فرۆشگا و ناوچە بازرگانییەکان دەکەن، و هەرکەسێک خواردن لە نرخی زیاتر بفرۆشێت ئەوا سزای دەدەن و ڕێکاری یاسایی توندی لەبەرامبەر دەگرنە بەر.