زانیاری نوێ لەبارەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچەی هەرێم
03:46 - 11/06/2025
زەمەن - هەرێمی کوردستان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: دووشەممەی داهاتوو یاخود ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دادگای باڵای فیدرالی دادەنیشێت و بڕیار لەسەر سکاڵای ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان دەدات لەبارەی راگرتنی مووچەی هەرێم.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ''زەمەن''ی وت: دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ و سبەی ناتوانن نسابی یاسایی پڕبکەنەوەو دانیشتن ئەنجام بدەن، سەرۆکی دادگاکە لە حەج گەڕاوەتەوە بەڵام هێشتا چوار ئەندامی تری لە سعودیەن.
ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی داهاتوو رۆژی یەکشەممە پشووی جەژنی غەدیرەو دەوام نیە و پێویستیان بەوەیە بەرچاویان روون بێت لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە نوێیەکەوە، بۆیە بەهەموو ئەگەرێکەوە دووشەممە یا سێ شەممە دادگاکە دادەنیشێت و بڕیار دەدات ئەمری وەلائی دەردەکات یانا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: دادگای باڵای فیدرالی لە سکاڵای ژمارە (٢٢٤) و یەکخراو لە (٢٦٩) لە (٢٠٢٣) بڕیاری داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆیە قورسە پێچەوانەی بڕیاری خۆی بڕیار بدات، رەنگە بڕیارەکەی هەفتەی داهاتووی بەشێوەیەک بێت هەردوو حکومەت ناچار بە گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
کاروان یاروەیس باسی لەوەشکرد، بڕیاری دادپەروەرانەی دادگا دەتوانێ کێشەکە لەبەرگە سیاسیەکەی بێنێتەدەرەوە و بیخاتەوە قاوغی دەستوری و یاسایی و دارایی و. ژمێریاری و سودانیش قووتار بکات لەوە فشارو سیاسیانەی لەسەرێتی.
بۆ هەمان مەبەست مامۆستا نەجمەدین محەمەد یەکێک لە سکاڵاکارەکان ئەوەی ئاشکراکرد کە، لە دادگاى فیدراڵییەوە پێیان راگەیەنراوە کە هەفتەى داهاتوو بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدرێت.
وتیشی: یان بە ئیمەیڵ ئاگاداردەکرێنەوە کە لە دانیشتنى دادگا ئامادەبن، یاخود بەبێ ئامادەبوونى ئەوان بڕیار دەدرێت.