١٥ هەزار فەرمانبەر ناویان بۆوەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە
02:05 - 12/06/2025
زەمەن _ سلێمانی
بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا ناوی نزیکەی ١٥ هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، ئەو خاوەن زەویانەی تاپۆیان هەیە لە ١٢٪ی زەوییەکەی لە ناو موڵکەکەیدا پێی دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شاڵاو جەمال، بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە ئێستادا و لە قۆناغی یەکەمدا ناوی نزیکەی ١٥ هەزار فەرمانبەر لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، شارەوانی سلێمانی داوای لێکردوون ئەو زەویانەی سۆتکە و سورەگا لە نزیک تاسڵوجە، کە کەوتوەتە سنووری شارەوانی سلێمانیەوە دەست هەڵگرتن و کوژاندنەوەی بۆ بکرێت، وتیشی: لە ئێستادا لە جێبەجیکردنی رێکارە یاساییەکان بەردەوامن و خەمڵاندنیان بۆ دەکرێت.
لەبارەی مافی خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دەڵێت: ئەو زەوییانەی تاپۆن لە ١٢٪ زەوییەکەی لە ناو موڵکەکەدا دەدرێتەوە بە خاوەنەکەی، ئەو کەسانەشی بەڵگەنامەی کشتوکاڵیان هەیە بە پێی یاسای یەکی ساڵی ٢٠٠٨ لە ٪٣ قەرەبوو دەکرێنەوە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکان، ٦٠ هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و دەتوانن سودمەندبن لە وەرگرتنی پارچەیەک زەوی، بەڵام شارەوانی سلێمانی تەنها ٢٠ هەزار پارچە زەوی هەیە.