ناوەڕۆکى گەڕى چوارەمى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکرایەوە
07:10 - 11/05/2025
زەمەن - کوردستانى
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی ئەمریکی لە عومان زەحمەت بوو، بەڵام سوودبەخش بوون.
بەقائی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتى، چوارەم گەڕی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهات، گفتوگۆکان زەحمەت بوون، بەڵام بۆ تێگەیشتنی باشتر لە هەڵوێستی یەکدی و دۆزینەوەی رێگەی باش و کرداریی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سوودبخەش بوون.
بە گوتەی بەقائی، گەڕی داهاتوو لە لایەن عومانەوە رێکدەخرێت و کاتەکەى رادەگەیەندرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەر ئەوە رێککەوتن، لە گفتوگۆ بەردەوامبن بۆ ئەوەی کار لەسەر پرسە تەکنییەکان بکەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرکردایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی ئێرانی لە مەسقەت گفتوگۆی کردووە.