فراکسیۆنی یەکێتی: داوا لەسودانی دەکەین بەپەلە لیژنەیەکی بەدواداچوون دروستبکات
01:25 - 02/07/2025
زەمەن - هەواڵەكان
فراکسیۆنی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت:" ئامانج لەم
کردەوانە پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق و کوردستانە، بۆیە داوا لە محەمەد
شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق دەکەین لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت".
لە راگەیاندراوێکدا
لەبارەی کەوتنەخوارەوەی دوو درۆن لە سنووری سلێمانی، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند:" ئیدانەی رووداوەکەی شەوی
رابردوو دەکەین، کە لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی دوو درۆن کەوتنەخوارەوە ".
راشیانگەیاندووە،"ئامانج
لەم کردەوانە پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عیراق و کوردستانە و ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەخاتە
مەترسییەوە".
هەر لەڕاگەیەنراوەکەدا
فراکسیۆنى یەکێتى ئاماژەی بەوەشکردووە:" بەهەمانشێوە دوو رۆژ لەمەوبەر پارێزگای
کەرکوک بەئامانج گیرا و شەوى رابردووش سلێمانی، هەر بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عیراق
دەکەین، لیژنەیەکی بە دواداچوونی بەپەلە دروستبکات، بۆ دەرخستنی راستییەکان و دیاریکردنی
سەرچاوەی سەرەکی هەڵدانی موشەک و درۆنەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە،
سەعات 10:30 ی شەوی رابردوو 1ی7ی 2025، دەنگێکی بەهێز لە نزیک تاسڵوجە بیسترا و
دوای ئەوەش ئاگر لەشوێنەکەی کەوتەوە.