ترەمپ: سوورم لەسەر ئاگربەستی یەکجاری لە غەززە
08:15 - 01/07/2025
زەمەنپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوورە لەسەر
ئاگربەستی یەکجاری لە غەززە، هەروەها پێی
وایە هەفتەیە داهاتوو لەگەڵ نەتانیاهۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە
ڕێکدەکەون.
ئەمرۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەر
لەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند: ئەوەی لە
دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕوویدا وێرانکارییەکی تەواوەتییە و ئێستا کەس
ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنانە چونکە بە تەواویی وێران بووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە
کۆشکی سپی لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆدەبمەوە و پرسی غەززە و ئێران تاوتوێ دەکەین.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشکردەوە، نەتانیاهۆش دەیەوێت
کۆتایی بە شەڕی غەززە بێت، هیوادارین هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە
ڕێکبکەوین.
ترەمپ باسی لەوەشکرد، لەگەڵ نەتەنیاهۆ سەرکەوتنی
گەورەیان بەسەر ئێران بەدەست هێنا، ئێستاش سوور دەبم لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی
غەززە.