408 جیهان

ناسنامەى ئەو کەسە ئاشکرابوو کە ئەمڕۆ هێرشیکردەسەر سەرۆکى جەهەپە

08:12 - 04/05/2025

زەمەن - جیهانى

 

ئەمڕۆ لە شارى ئیستەنبوڵ لە تورکیا رێوڕەسمى ماڵئاوایى لە سرى سورەیا ئۆندەر ئەندامى دەم پارتى و جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا و ئەندامى شاندى ئیمراڵى بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەکەدا لەکاتى هاتنەدەرەوەى ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکى جەهەپە کەسێک پەلاماریدا و چەپۆکێکى کێشا بەسەریدا، ئێستا ئاشکرابووە ئەو کەسە پێشتر ماڵ و منداڵەکەى خۆى کوشتووە.

 

میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر سەرۆکی جەهەپە ساڵی 2004 دوو منداڵی خۆی کوشتووە و تاوەکو 2020 لە زیندان بووە.

هەروەها ئەوەش هاتووە، هێرشبەرەکە ناوى سەلچوک تەنگیئۆغڵووە، ساڵی 1959 لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 66 ساڵە، ماوەیەک لە شارۆچکەی ئەسکەندەرۆنی سەر بە پارێزگای هاتای ژیاوە، ساڵی 2004 لەگەڵ هاوژینەکەی لێیان دەبێتە شەڕ و هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی. ئەویش ئەوکات تەمەنی 46 ساڵ بووە و پێنج منداڵی هەبووە، کاژمێر 4.00ی بەرەبەیانی رۆژی 9-5-2004 لە شیرینیی خەودا تەقە لە منداڵەکانی دەکات. سەرەتا تەقە لە باڕش؛ کوڕە 19 ساڵانەکەی دەکات، دواتریش تەقە لە موتڵو؛ کچە 17 ساڵانەکەی دەکات. سەیردەکات کە ئەوان بریندارن، دەچێتە مەتبەخ و چەقۆ دەهێنێت، بە چەقۆ دەیانکوژێت. ئەو باوکە تەقەی لە گوڵشاهـ و یاسەمینیش کرد. گوڵشاهـ بریندار بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە. هەروەها یاسەمین بە برینداری لە باڵکۆنەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و بەوجۆرە رزگاری بوو، بارش و موتڵو لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدابوو، هەر لە ساڵی 2004دا دادگە سزای زیندانیی هەتایی بەسەر تەنگیئۆغڵودا سەپاند، تەنگیئۆغڵو دوای 16 ساڵ مانەوەی لە گرتووخانە، ساڵی 2020 بە مەرج ئازادکرا.

بەگوێرەی میدیای تورکیا، تەنگیئۆگڵو تۆمەتەکانی تووندتوتیژیی خێزانی، دەستدرێژیی سێکسی، کێشان و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و بەرەنگاربوونەوەی پۆلیسی لەسەرە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن