2603 کوردستان

له‌ ئه‌مڕۆوه‌ مانگرتووانى سلێمانى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى رەتدەکەنەوە

11:55 - 07/02/2025

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

عوسمان گوڵپى وتەبێژى مانگرتووانى سلێمانى رۆژى هەینى رایگەیاند، مانگرتوان لە بەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنیان ئەمڕۆ بڕیاریاندا چارەسەرە پزیشکیەکانیش ڕەتبکەنەوە.

مانگرتووانى سلێمانى کانیۆلاکانى دەستیان لێکردەوە و وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى رەتدەکەنەوە، بەهۆى بەدەمەوەنەهاتنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان.

12  مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازیی سلێمانى ماوه‌ی 12 رۆژه‌  لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانى مانگرتنیان راگەیاندووە و چەند داواکارییەکان خستووەتەڕوو کە سەرەکیترینیان بە بانکیکردنى موچەیە بەپێی بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق.

لەگەڵ بەردەوامى مانگرتندا دۆخى تەندروستى مانگرتووان بەردەوام روو لە خراپى دەکات و رۆژانە بەشێک لە مانگرتووان رەوانەى نەخۆشخانە دەکرێن.

د.سەباح هەورامى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى رۆژى هەینى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەبەردەم خێمەى مانگرتووان رایگەیاند، تەندروستى مانگرتووان دەچێتە قۆناغێکى دیکەوە و رەتکردنەوەى چارەسەر کاریگەرى خراپى دەبێت و پلانى دیکە دادەنێن لەو بارەیەوە.

وتیشى: "مانگرتووان کێشیان دادەبەزێت و لەگەڵ بڕیارەکەیاندا نین بۆ رەتکردنەوەى چارەسەرى پزیشکى، پشتیوانى مانگرتن لە خواردنیش ناکەین بەڵام پشتیوانى لە هەڵوێستەکانیان پرسێکى جیاوازە"

د.سەباح هەورامى باسى لەوەشکرد، : "تەنانەت ئەگەرى شکاندنى مانگرتنیش پێویستە لە ژێر چاودێرى تەندروستیدا بێت، چونکە رەنگە بەئەندازەى خۆراک وەرنەگرتنەکە، وەرگرتنى خۆراک بەبێ چاودێرى تەندروستى زیانى هەبێت".


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن