28 کوردستان

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی سزا دران

02:49 - 15/10/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکە و دوایین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و ١١ دەستگیرکراوی دیکە بە مادەی ٥٦ی سزا کۆتاییهات.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دوایین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و ١١ دەستگیرکراوی دیکە ئەنجامدرا و دادوەرانی دۆسیەکە، لاهوور شێخ جەنگییان بە (٥) ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا دا، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە (٣) ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران.

هاوکات،  دوو لەو کەسانەی تۆمەتباربوون، لەو مادەیەدا ئازاد کران، کە ناویان عومەر شێخە، پاسەوان و کەیوان محەممەد بوو. رێنوار زینوار، رێبوار قودرەت یەکی بە دوو ساڵ و شەش مانگ حوکم دران.

هەر ئەمڕۆ لەو هۆڵەی دادگایی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی کرا، بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە پارێزەران و کەسوکاری دەستگیرکراوانەوە نزیکەی ١٠٠ کەس ئامادەبوون.

لە دادگایی کردنەکەدا لاهوور شێخ جەنگی هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و وتویەتی: ئەو وتانەی لە ئەو و هاوڕێکانی وەرگیراون دەستکاریی ناوەڕۆکەکەیان کراوە".

یەکێکی دیکە لە قسەکانی لاهوور شێخ جەنگی ئەوە بووە، کە ساڵێک و دوو مانگە دەستگیرکراوە وەکو تۆمەتبار "یەک جار" لەلایەن دادوەرانەوە وتەی لێوەرگیراوە، بۆیە هەموو شتێکی رەتکردووەتەوە.

لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ١٠ کەسی دیکە ئەمڕۆ لە هۆڵی دادگای تاوانەکان لە سلێمانی ئامادە بوون. پۆڵاد شێخ جەنگی هاوشێوەی براکەی تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و بە دادوەرانی گوتووە، ئەو داوای پارێزەری کردووە و بۆی دابین نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەهۆی نەبوونی پارێزەر و نەزانینی خوێندنەوەی کوردی، کاتێک وتەی لێوەرگیراوە کاخەزێکی واژۆ کردووە کە ناوەڕۆکەکەی نازانێت و ئێستا رەتیدەکاتەوە".

هاوکات، سەرجەم گیراوانی دیکە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە ڕەتیانکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەداوە کە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وتەیان لێوەرگیراوە و کاری ناشایستە لەگەڵ بەشێک لە گیراوان ئانجامدراوە.
هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، لاهوور شێخ جەنگی وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە. 
لە دانیستنەکەدا، داواکاری گشتی کە لە دانیشتنەکەدا بەشداربوون، ئەندامێکیان پێش حوکمدرانی دەستگیرکراوان داوای ئازادکردنی بۆ عومەر شێخە و کەیوان محەممەد کرد، بەگوێرەی ئەوەی تۆمەتیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە.
بۆ لاهوور شێخ جەنگی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی داوای لە دەستەی دادوەران کردووە: "جگە لە مادەی ٥٦، داواکارین بە مادەی ٥٨ـیش لاهوور شێخ جەنگی سزا بدرێت".
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی، بووە هەشتەمین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی و حەوتیان لەسەر مادەی 56 بوو کە ئەمڕۆ یەکلایی کرایەوە.
ماددەی ٥٦ چییە؟
1-هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و 1 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.

2-ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4)ـی ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.

رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.

دوای دۆسیەی مادەی 56، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقە و تایبەتە بە کوشتن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن