156 کوردستان

ئێستا.. کوردەکانیان بەرەو زیندان قۆڵبەستکرد

11:12 - 10/01/2025

زه‌مه‌ن - كوردستانی

ئه‌مڕۆ هه‌ینی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیزی سەربە مێرسین و چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییان دەستگیرکرد، کە سەر بە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم"ن.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی دۆسیەی تیرۆردا کە لەلایەن داواکاری گشتیی مێرسینەوە کراوەتەوە، هەریەک لە هۆشیار سارییڵدز و نوریە ئارسلان، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز دەستگیرکراون.

لەسەر هەمان دۆسیە، چوار ئەندامی شارەوانی ئاکدەنیز دەستگیرکراون کە بریتین لە ئۆزگور چاغڵار، نەسیلحان ئۆروچ، یەقعوب دانش و حیکمەت باکرهان.

بەگوێرەی دۆسیەکە دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بە بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار.

پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە، هێزە ئەمنییەکان ئابڵوقەی شارەوانیی ئاکدەنیزیاندا و رێگە بە هیچ کەسێک نادەن بچێتە ناو بینای شارەوانی.

هاوکات پارتی دەم لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان رایگەیاند، دەسەڵات دەست لە کودەتاکردن بەسەر ئیرادەی خەڵک هەڵناگرێت و جگە لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و چوار ئەندامی شارەوانی، گەمارۆی بینای شارەوانییەکەش دراوە.

پارتی دەم دەڵێت، دەسەڵاتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات و توانای بەرگەگرتنی ئیرادەی خەڵکی نییە، ئەوەش بەرەو شکستی گەورەتری دەبات.

پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن لە بەرگریی لەخۆکردن و دژایەتیکردنی قەیووم.

هاوکات عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە بازنەی مێرسین گوتی، پۆلیس پێیان گووتن قەیوم بۆ شارەوانیی ئاکدەنیز دانراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن