ناکۆکیی یەکێتی و پارتی کارەکانی 10 باڵیۆزی پەکخستووە
01:17 - 02/11/2026
ماوەی چوار مانگە باڵیۆزی چەند وڵاتێکی دیار لە عێراق، لەنێویاندا فەرەنسا، چین و کۆریای باشوور، چاوەڕێی پێشکەشکردنی پەڕاوی متمانەپێدانن بە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق؛ ئەمەش دوای ئەوەی ناکۆکیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پەڕییەوە بۆ نێو ڕێوڕەسمی متمانەپێدانی دیپلۆماسی لە بەغدا، لە کاتێکدا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە نابێت، لە بەرامبەریشدا پارتی سەرۆکایەتیی کۆمار بە بەرپرسیاری پەکخستنەکە دەزانێت بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئامادەبوونی نوێنەری وەزیر.
ئیڤان فایەق، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی گواستراوەتەوە بۆ دۆسیەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرۆتۆکۆل، و هەڕەشەی ئەوە دەکات عێراق بخاتە ناو قەیرانێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی باڵیۆزەکانیان چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی متمانەپێدانن، کە کارێکە نابێت بە هەڵوێستی حزبی یان پەیوەندیی نێوان وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆمارەوە ببەسترێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: لیژنەکەمان نووسراوێکی ئاراستەی وەزیری دەرەوە کردووە بۆ بەدواداچوون لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی پەڕاوی متمانەی باڵیۆزەکان، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە؛ هەروەها لەو بارەیەوە نووسراومان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە و چاوەڕێی دەستوەردانی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، چونکە بەردەوامیی پەکخستنی پەسەندکردنی نوێنەری وڵاتان زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق دەگەیەنێت و دامەزراوەکانی دەخاتە هەڵوێستێکی شەرمەزارکەرەوە».
لە هۆتێل چاوەڕێ دەکەن
ئیڤان فایەق ڕوونیدەکاتەوە کە “وەزیری دەرەوە پێشنیازی ناردنی بریکاری وەزارەت لەبری خۆی دەکات، لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ئەوە ڕەتدەکاتەوە و داوای ئامادەبوونی خودی وەزیر دەکات مادام لە کارەکەیدایە و ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت؛ بەهۆی ئەمەشەوە باڵیۆزەکان لەنێوان هەردوو هەڵوێستەکەدا گیریان خواردووە و هەندێکیان لە هۆتێل (ڕەشید) چاوەڕێ دەکەن، و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێک دەکەن کە ڕێگە بدات ڕێکارەکانیان تەواو بکەن و دەست بە کارەکانیان بکەن”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەشڵێت: وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات نەک تەنیا پارتی دیموکرات، و دروست نییە ئەرکەکانی بەپێی هەڵوێستی حزبەکەی بەرامبەر سەرۆکایەتیی کۆمار جێبەجێ بکات. ناکۆکی لەنێوان هەردوو حزبدا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و چەند دۆسیەیەکی دیکە هەیە، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو دامەزراوە فیدراڵییەکان و خستنەئەستۆی دەرەنجامەکانی بۆ سەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق، بۆیە پێویستە سەرۆکوەزیران بۆ کۆتاییهێنان بەم پەکخستنە بێتە سەر خەت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لیستی ئەو باڵیۆزانەی چاوەڕێی پێشکەشکردنی پەڕاوی متمانەپێدانن بە سەرۆک کۆمار، نوێنەری 10 وڵات لەخۆدەگرێت کە بریتین لە: تایلەند، کەنەدا، سویسرا، مالیزیا، ئەلبانیا، چین، فەرەنسا، میسر، قوبرس و ئیستۆنیا.
پرۆتۆکۆل دەڵێت چی؟
ڕێکارەکانی پێشوازیکردن لە باڵیۆزان دوو قۆناغی جیاواز لەخۆدەگرێت؛ قۆناغی یەکەم بە پێشکەشکردنی کۆپییەکی پەڕاوی متمانە بە وەزارەتی دەرەوە دەستپێدەکات، دواتر هەردوو فەرمانگەی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکایەتیی کۆمار هەماهەنگی دەکەن بۆ دیاریکردنی وادەی پێشکەشکردنی نوسخە ڕەسەنەکە بە سەرۆک کۆمار. هەر بۆیە پێشوازیکردنی وەزیر لە باڵیۆزێکی نوێ و وەرگرتنی کۆپیی پەڕاوەکەی، بە واتای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی متمانەپێدان نییە لەلایەن سەرۆکایەتییەوە.
ئەم ڕێکارانە بەگوێرەی پەیڕەوی پرۆتۆکۆلی ژمارە ٤ی ساڵی 2016 ڕێکخراون؛ ماددەی 25 میکانیزمی پێشوازیکردن لە باڵیۆز و ڕادەستکردنی کۆپیی پەڕاوەکەی بە وەزیری دەرەوە و دواتر هەماهەنگیکردن لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری دەکات، لە کاتێکدا ماددەی 26 ئاماژە بە بەشداریکردنی وەزیر لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی پەڕاوەکان و تەوقەکردن و دیداری دواتری دەکات؛ ئەمەش واتای ئەوەیە ئامادەبوونی وەزیر لە دەقی پەیڕەوەکەدا هاتووە، لەگەڵ مانەوەی ناکۆکی لەسەر ئەگەری ڕاسپاردنی کەسێکی دیکە لەبری خۆی.
بەشێکی پاشخانی ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە 11ی نیسانی ڕابردوو، کە تێیدا نزار ئامێدی وەک کاندیدی یەکێتی لە بەرامبەر فوئاد حسێن کاندیدی پارتی کێبڕکێی کرد؛ لە گەڕی یەکەمدا ئامێدی 208 دەنگ و فوئاد حسێن 16 دەنگ و موسەننا ئەمین 17 دەنگیان بەدەستهێنا، پێش ئەوەی کێبڕکێکە بچێتە گەڕی دووەم لەنێوان ئامێدی و ئەمین، کە بە سەرکەوتنی ئامێدی بە 227 دەنگ کۆتایی هات.
لەو کاتەوەی ئامێدی لە مانگی نیساندا وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردراوە، هیچ دیدارێکی دووقۆڵی لەنێوان ئەو و فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەدا ڕوینەداوە، هەروەها وەرگرتنی پەڕاوی متمانەی هیچ باڵیۆزێکی بیانیش ڕانەگەیەنراوە؛ ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبە کوردییەکە و پەڕینەوەی لێکەوتەکانی بۆ سەر هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە.