شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
12:55 - 10/07/2024
زەمەن - کوردستانی
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیەنێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دابەشدەکرێت.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژی یەکشەممە و دووشەممە شایستە داراییەکانی مانگی نیسان-ی 2024 ی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت.
باسی لەوەشکرد، بەپێی رێنماییەکانی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، لەنێوان 250 بۆ 350 هەزار دیناریان بۆ خەرجدەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش بڕی 250 بۆ 400 هەزار دینار خەرجدەکرێت.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان37 هەزارە.