271 کوردستان

نوخشه‌ ناسیح داوا ده‌كات لێپرسینه‌وه‌ له‌ بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت

03:44 - 30/08/2023

"زەمەن"

كێشه‌ی له‌نێوان قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرت دروست ده‌بێت و نوخشه‌ ناسیح داوای لێپرسینه‌وه‌ ده‌كات.


ئەمڕۆ لەپارێزگای هەڵەبجە گرژیی لەنێوان قائیمقام و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دروستبوو، بەوهۆیەوە بەڕێوەبەر پاسپۆرت بیناکەی بەجێهێشت، هێزێکی ئەمنی لەناوبیناکەدا جێگرکرا بۆکۆنتۆڵ کردنی ئاڵۆزیـیەکە.

له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا قایمقامیه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌ڵێت لە ماوەی رابردوودا سکاڵایەکی زۆری هاوڵاتیان لەڕێگەی نامەو تەلەفونەوە بۆ قائیمقامییەتیان هاتووە، سەبارەت بە ئیشوکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، ئەمڕۆ نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاوڵاتیان و چۆنییەتی رایکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کرد، هاوکات قائیمقامی هەڵەبجە داوای لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە کردووە کە بەیەکەوە بچن گوێ لە سکاڵای ئەو هاوڵاتیانە بگرن کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەکەن تا لەنزیکەوە لە کەموکووڕییەکان بکۆڵنەوە.

به‌پێی رونكردنه‌وه‌كه‌، بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دوور لە هەموو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوە و هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات.

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ قائیمقامی هەڵەبجەش بەڕێز پارێزگارو سەرو خۆی لەم کارە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات لێپرسینەوە لەو بەڕێوەبەرە بکرێت کە کەمتەرخەم بووە بەرانبەر هاوڵاتیان و ئەرکەکەی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن