بەپەلە.. ئاسایشیش پلەی بەرزكرایەوە
03:39 - 20/07/2026
زەمەن_هەواڵ
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم نوسراوی پلە بەرزکردنەوەی بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەرکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، پاڵپشت بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی پلەی ١٣٦ ئەفسەر لەسەر میلاکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، فەرمانەکە، واژووی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، بە ژمارە ٢١١٢ لە رێکەوتی ١٦ـی ئەم مانگە دەرچووە و سەرجەم پلە جیاوازەکان لە عەقیدەوە تاوەکو ملازم دەگرێتەوە.
ئەم پلەبەرزکردنەوەیە بەگوێرەی یاسای رێژە و خانەنشنیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژمارە ١٨ـی ساڵی ٢٠١١ جێبەجێ دەکرێت. لیستەکە ١٣٦ ناو لەخۆ دەگرێت و سەرەتا بە ناوی ئەفسەر پۆڵا ئەحمەد مەجید رەزا دەستپێدەکات و بە ئەفسەر باوان ئەبوبەکر قادر حەمەساڵح کۆتایی دێت، کە سەرجەمیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر خزمەت دەکەن.