94 کوردستان

سه‌فین دزه‌یی: هەرێم زۆر پەرۆشە بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و نه‌رمی زۆری نواندوه‌

04:11 - 29/08/2023

"زەمەن"

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند: تورکیا لایەنگری هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە، ده‌ڵێت ڕاگرتنه‌كه‌ی بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی دارایی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە.

سەفین دزەیی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئابی 2023، رایگه‌یاند: تورکیا لایەنگری ئەوەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش بێگومان زۆر پەرۆشە. بەرپرسانی بەغدا بە فەرمی باس دەکەن کە ئامادەن، بەڵام لە راستیدا تا ئێستا هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە".

به‌وته‌ی سەفین دزەیی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ لەیەکتر نزیکردنەوەی دید و بۆچوونی تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بووە سەبارەت بە چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

وتی" هه‌روەها نەهێشتینی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت هەن، چی ئاستەنگی هونەری، سیاسی، دارایی و کارگێڕی بن. بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی یاسای بودجە دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەینەوە و هەوڵەکان بەردەوامن".

سه‌فین دزه‌یی وتیشی "لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق گەیشتووە. بۆیە لەرووی ماتماتیکەوە، لۆژیک نییە، بۆ وەرگرتنی ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە تورکیا، پێنج ملیار دۆلار زیان بەخۆت بگەیێنیت".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە ئاگادار کردووەنەتەوە، وتی "داوامان لێ کردوون، هاوکاری هەردوولا بن (هەولێر و بەغدا)، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر هەردوولا هەیە".

سەفین دزەیی، ده‌ڵێت سبەی چوارشەممە ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم کۆدەبێتەوە و دەرئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت تاوتوێ دەکرێن.
هیوایخواست نەگه‌نه‌ ئاستێک کە لەیەک دووربکەونەوە. هەوڵەکانی هەولێر و حکومەتی هەرێم ئەوەیە، زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە هەبێت. وتی "بڕواتان هەبێت لە زۆر پرسدا، شاندی حکومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان نەرمییەکی هێکجار زۆری نوواندووە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن