وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر گرتنەوەی ئاو لە بەغدا هاتە دەنگ
09:44 - 28/08/2023
زەمەن
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕەتیكردەوە، نیازیان هەبێت ئاوی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان لە عێراق بگرنەوە، دەڵێت "لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم و بەیەکەوە کاردەکەین".
ئەوەش دوای ئەوەدێت، نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندبوو: ھەرێمی کوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەکار ھێناوە وەک فشار و ئاومان کردووەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە ڕێککەوتن ئێمەیش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دەقی رونكردنەوەكەی وەزارەت:
رونکردنەوەیەک بۆ میدیاکاران و رایگشتی ...
بەڕێزان ...بابەتێک بلاوکراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق ،
بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکانمان ڕۆژی یەک شەممە 2023/8/27 ، کۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفی ئاو ، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە ، هیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نیە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نیە، هیچ کۆبونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان.
لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم و بەیەکەوە کاردەکەین بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئاستەنگ و گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاووڵاتیان بەگشتی ..
لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبین ..
لەگەڵ ڕێزدا ....
راگەیاندنی وەزارەتی
کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاو