121 کوردستان

وەزیری دارایی: لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی گرنگ بۆ بەئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی دامودەزگاکان نراوە

09:14 - 28/08/2023

زەمەن

وەزیری دارایی و ئابوری، ڕۆڵی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێم بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی گرنگ بەمەبەستی بەئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزاریەکان و ژێرخانی دامەزراوەکانی حکومەت نراوە. 

 

ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠٢٣/٨/٢٨) ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەو ستافی فەرمانگەو دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری پێشوازی لێ کرا.      

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی ستایشی کارەکانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کردو ڕایگەیاند: لەم کابینەیە هەنگاوی گرنگ بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزاریەکان و ژێرخانی دامودەزگاکانی حکومەت نراوەو ئەوەش بناغەیەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و زیادبونی شەفافیەت و بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.     

لای خۆشیەوە، هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سوپاسی وەزیری دارایی و ستافی وەزارەتی کرد کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هاوکاری و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەردولادا هەبووە و توانراوە چەندین دامەزراوەو خزمەتگوزاری گرنگ لە وەزارەتی دارایی بەئەلکترۆنی بکرێن.         

هاوکات لەمیانی پرێزنتەیشنێکدا سیستەمی بەدیجیتاڵکردنی فۆڕمی خەمڵاندنی گشتی باجی زەوی و خانوبەرە ڕاگەیەنرا، کە لەلایەن ستافی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمەوە دروست کراوەو بەم نزیکانە دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت.           

کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری ڕایگەیاند: سەدان هەزار خاوەن موڵک و کرێچی لەسیستەمەکە سودمەند دەبن و داتای دروست بەردەست دەخات و چەندین کێشە لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچی ناهێڵێت و کارئاسانی تەواو بۆ ڕایکردنی مامەڵەی هاولاتیان لە فەرمانگەکانی باج و خانوبەرە دەکات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن