دادگای فیدراڵی حەوت بڕگە و مادەی هەڵبژاردنەكانی هەڵوەشاندەوە
08:39 - 28/08/2023
زەمەن
دادگای فیدڕاڵی عێراق، حەوت برگە و ماددەی تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی بە نادەستوری لە قەڵەمدا و هەڵیوەشاندنەوە.
دادگای فیدڕاڵی لە دانیشتنێكدا سەرجەم سکاڵاکانی تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران کە بە بەیاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠٢٣ ناسراوە یەکخست و حەوت برگە و ماددەی ناو یاساکەی بە نادەستوری لە قەڵەمدا.
یەكێك لەو بڕگانە ئەوەیە کە دەڵێت دەبێت ٤٥ رۆژ بەر لە کۆتاییھاتنی وادەی یاساییان، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت.
هەروەها دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکھاتەکانیشی بە نادەستوری لە قەڵەمدا ، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ ھەموو کورسی کۆتاکان، عێراق یەک بازنەی ھەڵبژاردن دەبێت و خاوەنی بەرزترین دەنگ دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەپێی ماددەی ٢١ـی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزا و ناحییەکان دوای کۆتایھاتنی ئەرکەکانیان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، پێویستە ئەنجومەنی راژە لەناو وەزارەت و دەستەکاندا جێگەیان بکاتەوە و سود لە تواناکانیان وەربگرێت، دادگای فیدڕاڵی کارکردن بەو ماددەیەی بە تەواوی ھەڵوەشاندەوە.