217 کوردستان

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ: پرسی بەردانەوەی ئاومان کردووتە فشار لەسەر بەغدا

07:10 - 28/08/2023

"زەمەن"

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرایکرد، ھەرێمی کوردستان بەردانەوەی ئاوی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کردووتە فشار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵ، وتی "ھەر کاتێک بەغدا ڕێگری لە ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێم بکات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ئێمەیش ئاو لەسەر ئەو ناوچانە دەگرینەوە".

نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: ھەرێمی کوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەکار ھێناوە وەک فشار و ئاومان کردووەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە ڕێککەوتن ئێمەیش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

وتیشی واتە ئەگەر عێراق ڕێگە نەدات بەرھەمی جوتیارانی کوردستان بچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ڕێگری بکرێت ئێمەیش ئاوی پێویست بۆ ئەو ناوچانە بەرنادەینەوە، ئێستا ڕەوشەکە باشە و ڕێگری ئەوتۆ ناکەن.

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ باسیله‌وه‌كردووه‌، لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژنامەی کشتوکاڵی ھەیە و لەکاتی پێگەیشتی بەرھەمی ناوخۆ لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی ھەر بەرھەمێک ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت، یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٨یش ھەیە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ، بەپێی یاسا ھەرکاتێک بەرھەمی ناوخۆ پێگەیشت لەبەرامبەردا بەرھەمی ھاوردە قەدەغە دەکرێت یان باجی دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ لەبازاڕەکاندا ساغ بکرێتەوە و زیان بە جووتیاران نەگات.

وتیشی: ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقیش یەک دەگرێتەوە، چونکە ناکرێت لە ھەرێمی کوردستان ھاوردەکردنی بەرھەمێک قەدەغە بکرێت و لە سنوورەکانی عێراق بەردەوام بێت، ھەموو جارێک عێراق لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار دەدەن پابەندی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی بن، بەداخەوە دواتر پابەندی ڕێککەوتنەکە نابن و ھەر جارێک بیانوویەک دێننەوە.

به‌رنه‌دانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، پێشتر له‌لایه‌ن محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی حزبی سۆسیالدیموكراتی كوردستان، پێشنیار كراوه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن