ئەمریکا: دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە
05:37 - 28/08/2023
"زەمەن"
مارک سترۆ کۆنسوڵی گشتیی
ئەمریکا لە ھەولێر، ڕایگەیاند: دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر
گرنگە و ھیوای خواست کە بە ھاوبەشیی نێوان حکومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی
کوردستان، یاسای نەوت و غاز ئامادە و پەسهند بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان و
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، پێشوازی له مارک سترۆ لکۆنسولی گشتیی ئەمریکا
لە ھەولێر كردووه.
ئاماژە بەوەدراوە لە کۆبوونەوەکەدا،
دۆسیەکانی کەرتەکانی کارەبا و نەوت لە ھەرێمی کوردستان خراونەتە بەرباس.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا
لە ھەولێر، مارک سترۆ ڕایگەیاندووە، دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا
زۆر گرنگە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی
پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە
تا ئێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە
و بەو ھۆیەوە بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە
و داوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لە کۆتایی مانگی تەممووز،
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ئەندامەکانی بریتین لە کۆمپانیاکانی (DNO، گەنەڵ ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم، HKN ئینێرجی و شاماران پترۆلیۆم) ڕایانگەیاند، لە
ساڵی ٢٠٢٣دا پلانی خەرجییەکانیان لە ھەرێم بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە.