96 کوردستان

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرا

04:07 - 28/08/2023

"زەمەن"

 

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى، کە ژمارەیان (47629) دەرچووە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (28/8/2023) د.ئارام محه‌مه‌د وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە ئالان حەمە سه‌عید وەزیرى پەروەردە و شاندێکى یاوەرى کرد، کە پێکهاتبوون لە بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەتى پەروەردە. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەی بوون.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لەبەرامبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزمونە گشتیەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى بەهەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لەدەرچووانى ئەمساڵى خوێندن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیان و خوێندکاران خواست.

لەو چوارچێوەیەشدا ئارام محه‌مه‌د ڕایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى ئێمە کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زوترین کات پرۆسەى پێشکەش کردن بۆ زانکۆکان لەڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەستپێبکات.

لەلایەن خۆشیەوە ئالان حەمە سه‌عید، وەزیرى پەروەردە لەپاڵ خستنەڕوى داتاکان و وردەکارى ژمارەى قوتابیان و خوێندکاران، ئاماژەى بەسەرکەوتنى پڕۆسەى ئەزمونەکانى دوانزەى ئامادەیى بەسەرجەم بەشەکان کرد و ئەو میکانیزمانەى شیکردەوە کە وەزارەتەکەى بۆ پڕۆسەى ئەزمونە گشتیەکان جێبەجێکردون.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرایەتى ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتاو ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بە زانستى و وێژەیى و پیشەیى لەساڵى خوێندنى (2022-2023) خستەڕو هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتوی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕو، بۆ ئەوەش بەشداربووانى کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندێکى وردیان لەبارەى ڕێژەى دەرچوان و میکانیزمى تەرخان کردنى کوررسى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن