وەزیرى ئاوەدانکردنەوە دەرخستەى چەند پڕۆژەیەکى کفرى بۆ سەرۆکى حکومەت نارد
03:07 - 28/08/2023
"زەمەن"
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، دوو
نوسراوی ئاڕاستەى نوسینگەى تایبەتى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد، تێیدا دەرخستەى
دوو پڕۆژەى گرنگى رێگاوبانى کفرى بە بڕى زیاتر لە حەوت ملیار دینار کردوە و داوا دەکات
رەزامەندى بدەن بە جێبەجێکردنى.
لە نوسراوى یەکەمدا دەرخستەى تایبەت بە
(دروستکردنى رێگاى قیرى دوانزە ئیمام-قەرەبڵاغ) بە بڕى شەش ملیار و 21 ملیۆن و 550 هەزار دینار ئاراستەى سەرۆکى
حکومەت کراوە کە رەزامەندى بدات بە دروستکردنى رێگاکە.
دانا عەبدولکەریم لە نوسراوەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە
کە ئەمە یەکێکە لەو داواکارییانەى کە خۆپیشاندەرى کفرى هەیانبوە و بەڵێنمانداوە بۆیان
جێبەجێ بکەین.
نوسراوى دووەم تایبەتە بە (دروستکردنى رێگاى قیرى
دێلێژە-سەنگاو) لە قەزاى کفرى بە بڕى یەک ملیار دینار، کە ئەمەش یەکێک لە داواکارییە
سەرەکییەکانى خۆپیشاندەرانى قەزاى کفریی کە سودێکى زۆر بە قەزاکە و سنورى ئیدارەى
گەرمیان دەگەیەنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لەماوەى رابردودا بۆ ماوەى
زیاتر لە یەک مانگ خۆپیشاندەرانى کفرى خێوەتى ناڕەزایەتیان هەڵدا و تێیدا هەریەکە
لە وەزیرانى دارایی و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى سەردانیان
کرد و بەڵێنى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکیان پێدان.