زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە سلێمانى توشى سکچون و رشانەوە بون
01:27 - 28/08/2023
زەمەن_سلێمانى
لە سەرەتا ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە سلێمانى توشى
سکچون و رشانەوە بون، لە ئێستاشدا حاڵەتەکان زیادى کردوە و تەندروستى سلێمانى
گومان دەکات ئەوەى بڵاوبوەتەوە کۆلێرا بێت.
شەوى رابردو، دکتۆر سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى،
هۆشداریدا لە زیادبونی حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە رایگەیاندا: گومان دەکەین
کۆلێرا بڵاوبوبێتەوە و بەوهۆیەوە بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی سەوزە و ماستاو لە
چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتییەکان.
بەپێى زانیارییەکان،
لەئێستادا سکچون و رشانەوە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە و رۆژى 80 منداڵ
بەوهۆیەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن.
لەسەر ئەو بابەتە،
دکتۆر رزگار عەلى، بەڕێوەبەرى خۆپاراستنى تەندروستى سلێمانى بەکەناڵى کەى ئێن ئێنى
راگەیاندووە،" سکچونێکى توندوتیژ بڵاوبوەتەوە و گومان دەکەین کۆلێرا بێت،
بەڵام ئەوە تەنها گومانە و پشکنینى پیساییەکانمان ناردوە بۆ تاقیگەى ناوەند لە
بەغداد و چاوەڕێى ئەنجامەکانین".
لەبارەى هۆکارى
بڵاوبونەوە و زیادبونى پەتاکە، ئاشکرایکرد کە لە گەرمادا میکرۆبى سکچون گەشەى
زیاتر دەبێت و کەمى ئاویش کە سلێمانى و هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوە، هۆکارێکى
دیکەیە.
بەڕێوەبەرى خۆپاراستنى
تەندروستى سلێمانى رونی کردەوە، زێرابى پشدەر و ئێران دەچێتە ناو ئاوى دوکان و
زێرابى سلێمانیش دەرژێتە ئاوى تانجەرۆ و زێرابەکان داپۆشراو نین، هەر بۆیە لە
مانگى یەکەمى ئەمساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتى سکچون تۆمارکراوە.
هۆشداریدا کە پێویستە
هاوڵاتییان پارێزى بکەن بەتایبەت لە سەوزە و ئاوى پیس و دانەپۆشراو، جەختیش
دەکاتەوە لە پاکى ئاوى بەلوعەى ماڵان، واتا ئەو ئاوەى لەلایەن بەرێوەبەرایەتى ئاو
و لەژێر چاودێرى خۆپاراستنى تەندروستى دەڕژێتە تانکى ماڵانەوە، بەمەرجێک تانکییەکە
ئاوى تانکەر واتا ئەو ئاوەى دەیکڕیت، تێیدا نەبێت.