سەرۆك كۆمار داوا دەكات بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات
08:59 - 27/08/2023
زەمەن
لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆك كۆمار کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵا ساز كردووە.
لە كۆبونەوەكەدا جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە دکتۆر فواد حسێن و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان فارس عیسا و ژمارەیەک بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی کورد ئامادەی بون.
سەرۆک کۆمار داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، لەگەڵ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم.
لە بەرامبەردا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە باسی لە گرنگترین مەسەلە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست کە چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسانە بدۆزرێتەوە.
هەروەها ئامادەبووان باسیان لە پێویستی درێژەدان بە دیالۆگی بونیادنەر و کاریگەر کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و یاسا، بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاووڵاتیان زامن بکات و خواستەکانیان بەدیبێت.