227 کوردستان

یەکێتی هەڕەشە لە ئەفسەرانی پۆلیسی سلێمانی دەکات پابەندبن بە بڕیاری حیزبیەوە

05:40 - 27/08/2023

"زەمەن"


لە مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، كۆبونەوە بە ئەفسەرانی پۆلیسی ١٠٤ و پاسەوانی و هاتوچۆ كراوە و هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێكراوە.

ئەفسەرێكی بەشدار لە كۆبونەوەكە بە زەمەنی راگەیاند: رۆژی دووشەممە ٢١ی ئاب، وەستا ڕەسوڵ لە مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی زۆرینەی ئەفسەرانی كۆكردوەتەوە و چەندین پەیامی توندی پێداون.

وەستا ڕەسوڵ بە ئەفسەرەكانی وتوە ئێمە وەك یەكێتی ئێوەمان  كردوەتە ئەفسەر، ئەوەی سەرپێچی فەرمانەكانمان بكات پلەكەی لێوەردەگرینەوە و دەینێرینەوە ماڵەوە یان زیندانی دەكەین.

وەستا ڕەسوڵ بە ئەفسەرەكانی وتووە نابێت لە كاتی كێشە لەگەڵ حزبەكانی دیكە یان دروستبوونی خۆپیشاندان یان لە كاتی هەڵبژاردن سەرپێچی فەرمانەكانی ئێمە بكەن.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی بە ئەفسەرەكانیشی وتووە ئەوەی ناڕازییە دەتوانێت وازبهێنێت، ئەفسەرە بەشدارەكە وتی دوای كۆبونەوەكە زۆرینەی ئەفسەران ناڕەزاییان دەربریوە و موناقەشەی توندیان كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێتی بە نیازە بەدەر لە ڕێنماییەكان ئەو بەڕێوبەرایەتیانەی بەڕێوەبەرەكەیان یەكێتی نیە جێگریان بۆ دابنێت.

كۆبونەوە بە ئەفسەرەكان دوای ئەوە دێت لە ماوەی رابردوودا یەكێتی فۆرمی بەسەر فەرمانبەرانی دامودەزگاكاندا دابەشكردووە و داوای زانیاری كەسی و ئینتیمای حزبی لێكردوون و هەروەها داواشیكردووە ئاشكرای بكەن كە دەنگ بە چ لایەنێك دەدەن.

ئەم دەستتێوەردانەی یەكێتی ناڕەزایی توندی ئەفسەرانی دەزگا ئەمنیەكان و فەرمانبەرانی شارستانی لێكەوتوەتەوەو زۆرینەیان ڕەتیانكردوەتەوە بچنە ژێر ئەم فشارەی یەكێتی.

فشاری یەكێتی بۆ سەر فەرمانبەران و ئەفسەران لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی رابردوو ئەو حزبە تەنیا لە سەدا حەوتی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی بە دەستهێنابوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن