مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى یەکێتى بەجیا لە هەولێر کۆدەبنەوە
10:30 - 27/08/2023
زەمەن_هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ هەریەك لە
مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی بەجیا لە هەولێر كۆببنەوە و لێپرسراوی
مەكتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر میكانیزم رێكارەكانی كۆنگرە
دەكرێت.
ستران عەبدوڵا، لێپرسراوی
مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی رایگەیاند، كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی
سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە شاری ھەولێر کۆدەبێتەوە.
وتیشى، لە کۆبوونەوەی
مەکتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر ئەو میکانزم و رێکارانە دەکرێت کە کۆمسیۆنی باڵای
پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەیخاتەڕوو، کە کۆمیسیۆنەکە پێکدێت لە مەکتەبەکانی
ھەڵبژاردن و رێکخستن، مەڵبەندی دراسات و ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی.
ئەوەشی ئاشكراكرد، كاتژمێر
2ی پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.
لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی
یەکێتی بۆ میدیاى فەرمى حیزبەکەى ئەوەشى وت، “بڕیاری سەرۆک بافڵ بۆ بەستنی
پێنجەمین کۆنگرە جورئەتێکی گەورەیە و یەکێتییەکان ستایشی ئەو بڕیارە گرنگە دەکەن،
هەروەها بڕیاری بەستنی کۆنگرە کە لە شاری كەركوك درا، ئەوەش مانای ئەوەیە کە
کەرکوک لە دڵی یەکێتیەکاندایە”.
ئاماژەى بەوەشکرد،
“یەکەمجارە کۆنگرەی یەکێتی لەکاتی خۆیدا دەکرێت، بەمەش ئاواتی سەرۆک مام جەلال
دێتەدی” و ئاماژەی بەوەشدا، “تەلار لەتیف وتەبێژی تایبەتی کۆمسیۆنی باڵای کۆنگرەی
پێنجەمی یەکێتییە و بۆچوونی رەسمی یەکێتیی لەبارەی کۆنگرەوە دەڵێت”.