بانکی ناوەندی یەک ملیار دۆلاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار خستووەتە بازاڕەوە
08:15 - 26/08/2023
زەمەن_ئابوری
بانکی ناوەندی عێراق فرۆشی دۆلاری هەفتەی رابردووی ئاشکرا کرد و بەپێی بانکەکە، خستنەبازاڕی دراوی "دۆلار" لە بانکی ناوەندی عێراقیدا لەماوەی هەفتەی رابردوودا نزیکەی یەک ملیار دۆلار بووە، ئەوەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەهای دینار.
ئەمڕۆ شەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ٩٨٠ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٢٤٨ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە کە فرۆشی هەر رۆژێکی گەیشتووەتە ١٩٦ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٨٤٩ دۆلار بەراورد بە هەفتەی پێشوو ٠.٢٢٪ زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرزترین رێژەی خستنە بازاڕ لە رۆژی پێنجشەممە بووە و رێژەی فرۆش تێیدا ١٩٨ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار و ٣٥٤ دۆلار بووە و کەمترین رێژەی خستنەبازاڕیش لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوودا بووە و رێژەکە تێیدا ١٩٠ ملیۆن و ٤٠٨ هەزار و ١٠٢ دۆلار بووە.
دەشڵێت، رێژەی خستنەبازاڕ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی لە هەفتەی رابردوودا ٨٠٥ ملیۆن و ٧٧٧ هەزار و ٢٤٨ دۆلار بووە و بەراورد بە فرۆشی کاش کە ١٧٥ ملیۆن و ١٢٢ هەزار دۆلار بووە، بەڕێژەی ٧٨٪ زیادیکردووە.