197 کوردستان

پارتی: هه‌رێم رۆژانە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵ دەکات

04:11 - 26/08/2023

"زەمەن"

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایده‌كات، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات، پێشیوایه‌ ئەو بڕە پارەیەی یاسای بودجە کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ هەرێم هەژمارکراوە، زۆر کەمە.

ڤیان سەبری، به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق دەکات و دەکرێت بەپێی پێویست ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزببێتەوە.

هه‌روه‌ها وتی "تا ئێستا هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و "بە گوێرەی یاسای بودجە، نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت و نیوەکەی دیکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؛ بەڵام ئەوەی بەغدا باسی دەکات، پێچەوانەی یاسای بودجەیە".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕونیكرده‌وه‌، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. وتی حکومەتی فیدراڵی بڕە پارەیەکی زۆر باش دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق. پارەی گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکان و بەرهەمهێنانی نەوتیش دەدات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم دیاریکراوە، زۆر کەمە".

سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ڤیان سه‌بری ده‌ڵێت پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە ناردنی پشکی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، "چونکە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی پشكی هەرێم و ئێمە پابەندی هەموو بڕگەکانی نێو یاسای بودجە بووین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن