107 کوردستان

رۆژنامەی العربي الجدید: عێراق و توركیا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك

11:16 - 26/08/2023

"زەمەن"

رۆژنامەی العربي الجدید له‌ زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرایكردووە، هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا لەسەردانەكەیدا لەبارەی دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان له‌گه‌ڵ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هیچ لێكگەیشتنێكی كۆتایی.


رۆژنامەی العربي الجدید، له‌ راپۆرتێكدا باسیله‌وه‌كردووه‌ ئەنقەرە چاوەڕێی وەڵامی بەغدادە، لە بارەی كۆمەڵێك داواكاریی، كە وەزیری دەرەوەی توركیا خستویەتیە بەردەم عێراق.

هه‌روه‌ها باسله‌وه‌كراوه‌، له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا مه‌له‌فی ئاوی روباری دیجله‌ و فوڕات، هاریكاری ئه‌منی بۆ له‌ناوبردنی خانه‌كانی داعش و رێگای گه‌شه‌ تاوتوێكراون.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغداد، كە بڕیاڕە مانگی داهاتوو ئەنجامیبدات، بەندە بە وەڵامدانەوەی عێراق بۆ ئەو داواكارییانەی فیدان پێشكەشی عێراقی كردووە.

وەزیری دەرەوەی توركیا، داوای كردووە عێراق، پارتی كرێكاران، وەك رێكخراوێكی تیرۆستی بناسێنێت و رێگەنەدات خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاربهێنێت.

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت هاكان فیدان بەڵگەنامەی لەبارەی چۆنیەتی رۆیشتنی چەكدارانی پارتی كرێكاران لە عێراقەوە بۆ ناو خاكی توركیا داوە بە بەرپرسانی عێراق، لەگەڵ چالاكییەكانیان لە قەندیل و مەخمورو سیدەكان و زاب و ناوچەكانی سلێمانی، كە هەندێك لایەنی سیاسی كوردی هاوكارییان دەكات، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

به‌پێی رۆژنامه‌كه‌، توركیا وای خۆی پیشاندەدات، هیچ پەیوەندییەكی نییە بە ناكۆكی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزیری دەرەوەی توركیا داوای كردووە هیچ لێكەوتەیەكی دارایی لەسەر ئەو دۆسیەیە نەخرێتە سەر وڵاتەكەی.

باسله‌وه‌كراوه‌ ­­توركیا چاوەڕوانی وەڵامی عێراقە، بە دیاریكراوی لە دۆسیەی پارتی كرێكاران و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتدا، لە بەرامبەر ئەنجامدانی سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغداد و ئیمزاكردنی رێككەوتنی كۆتایی سەبارەت بەو دۆسییانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن