وادەی دەستپێکردنی بارانبارینی بەخوڕ راگەیەنرا
08:58 - 24/08/2023
زەمەن_هەرێمی کوردستان
بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ناوەڕاستی هەفتەی ئایندەوە بارانبارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کورستان دەستپێدەکات،
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند، بەھۆی نزیکبوونەوەی بارستە ھەوایەکی سارد لە دەریای ناوەراستەوە، رۆژانی سێشەمە و چوارشەمەی ھەفتەی داھاتوو پێشبینی دەکرێت بەتەواوی بگاتە سەر ناوچەکانمان و بەرێژەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەبێت کە بەڕاورد بە کاتی ئێستا بۆ ھەر ناوچەیەک لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا پلەکانی گەرما ٦ تا ٨ پلە نزمدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ئەو گۆڕانکاریە خێرایە کە ڕووئەدات لەکاتەکانی رۆژیشدا ھەست بەفێنکی کەشەکە ئەکرێت ، لەگەڵ ئەم بارستە ھەوایەدا رێژەیەکی مامناوەندی شێی بەرگەھەوای لەگەڵ ئەبێت کە ئەگەر ھەیە رۆژی سێشەمە ببێتە ھۆی بارانی پەرش و بڵاو لەناوچە جیاجیاکانی تورکیا و باکوری کوردستان وە لە رۆژی چوارشەمەدا ٣٠ی ئاب کاریگەری درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەتایبەت ناوچە سنوریەکان ئەگەری چربوونەوەی ھەور و بارانی پەرش و بڵاو بەرێژەی جیاواز ئەبێت کە لەھەندێ ناوچەدا بەدیاری نەکراوی ھەورە بروسکە و تاوی بەخوڕی باران دروستەبێت.