هاكان فیدان لە هەولێر: پەنا بەخوا پەكەكە لە عێراق پاك دەكەینەوە
01:12 - 24/08/2023
زەمەن
كۆبونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا كۆتایی هات و هاکان فیدان هەرەشەی لەناوبردنی پەكەكەی كرد.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا مەسرور بارزانی، رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆمان کرد.
وتی "هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێبنین".
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، کە ئەوان گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کرد، لەوانە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق بە تایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتی چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بتوانن بەپێی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، گوتیشی: ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات و، نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆیی بتوانین رووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە.
هاوكات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە. لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێكی دیكە كرد.
هاكان فیدان وتیشی تاوتوێی چەند بابەتێكمان كرد لە سەرووی هەموویانەوە مەسەلەی تیرۆر، ئەمنیەت، بازرگانی.لەبەر ئەو هەماهەنگیەی لە بابەتی تیرۆر نیشانیانداوە سوپاسی عێراق و هەولێر دەكەین
هاكان فیدان دەڵێت بابەتی زۆر هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەنگاوی بۆ بنێرێت، وتی پەكەكە لە عێراق خۆی حەشارداوە پەنابەخوا بە تەواوەتی لە عێراق پاكیان دەكەینەوە، چ لەگەڵ حكومەت عێراق یان حكومەتی هەولێر، لە پاككردنەوەی پەكەكە زۆر پێداگر دەبین و بەردەوام دەبین".