181 ناوچەی

نزیکەی ١١٥ ھەزار پەنابەری سووریی ھێشتا لە پارێزگای دھۆک ماونەتەوەو بەئاواتی گەڕانەوەن

09:16 - 20/06/2023

زەمەن-كوردستانی

 

زیاتر لە ١١ ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و بەھۆی بەردەوامبوونی ناسەقامگیری و بەردەوامبوونی کردەوە تیرۆریستییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری لە سووریا، ناتوانن بگەڕێنەوە  و ئیتر لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بە ئیش و کار کردووە.

 

رۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک رۆژی پەنابەرانی جیھانە کە بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە بە فەرمی ناسێنراوە، مەبەست لە یادکردنەوەی ئەو رۆژەش پیشاندانی ھاوسۆزییەکە لەسەر ئاستی جیھان بۆ پرس و کێشەی پەنابەران و ئاوڕدانەوەیە لە قەبارەی کێشەکە و زیادکردنی ھاریکارییەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی خەم و ئازارەکانی پەنابەران.

 

یەکێک لەو پەنابەرانەی لە ناو کەمپی دۆمیز یەک دەستی بە ئیش و کار کردووە بۆ بژێوی ژیانی، ناوی ئیبراھیم خەلیل کالۆیە تەمەنی ٤١ ساڵە، سێ منداڵی ھەیە و خەڵکی شاری قامیشلۆیە، ئەو رۆژانە زیاتر لە ھەشت کاتژمێر لە شوێنێکی پیتزا دروستکردن کار دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەی لە ساڵی ٢٠١٢وە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە، گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٢وە کەسوکارم بەھۆی تێکچوونی دۆخی سووریا ھاتوونەتە پارێزگای دھۆک، دایک و باوکم لەوێ ماون، بەڵام من ھاتم و ئێستا لە کەمپی دۆمیز یەک دەژیم، زیاتر لە ١١ ساڵە دایک و باوکم نەبینیووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ھاوکاری کردووین، بەڵام لێرەش کێشەی نوێکردنەوەی کارتی نشینگەم بۆ دروست بووە، لە بەر کۆرۆنا و چەند بابەتی دیکە نەمتوانی بچمە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نشینگە و رەگەزنامە بۆ ئەوەی کارتەکەم نوێ بکەمەوە، ئێستا سزایەکی زۆر کەوتووتە سەرم و لەتوانای داراییمدا نییە نوێی بکەمەوە بۆیە داواکاریم ئەوەیە لەم بوارەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریم بکات".

لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپ ھەیە، پێنج لەوانە کەمپی پەنابەرەکانی سووریان کە بریتین لە ھەریەک لە کەمپەکانی دۆمیزی یەک، دۆمیزی دوو، بەردەڕەش، گەویلان و ئاکرێ.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک، نزیكه‌ی ١١٥ هه‌زار په‌نابه‌ر هێشتا له‌ پارێزگاى دهۆك ماونه‌ته‌وه‌.

 

پەنابەرێکی دیکە بە ناوی عەدنان خالد محەمەد، تەمەنی ٣٦ ساڵە و سێ منداڵی ھەیە، دوکانێکی فرۆشتنی مۆبایلی ھەیە لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ھاتوومەتە کەمپی دۆمیز یەک، لە کەمپ ھیچ کێشمان نییە، ھەرێمی کوردستان ئاسایشی تیادایە، بەڵام کێشەمان ئەوەیە ناتوانین بگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان لە سووریا، لەبەر ناکۆکی سیاسی لە سووریا ناتوانین بگەڕێینەوە، زۆر حەز دەکەین بگەڕێینەوە، بەڵام ناتوانین، من ئەوە زیاتر لە ١٠ ساڵە نەمتوانیوە بگەڕێمەوە، حەز دەکەین بۆ جەژن و ئاھەنگ و خۆشی و ناخۆشییەکان بتوانین بگەڕێینەوە، داواکارین لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری پێشابوور و سێمالکا زیاتر ھاوکاریمان بکەن، بە تایبەتی دەروازەی سێمێلکا کە جار جار دادەخەن و کێشە بۆ پەنابەران دروست دەبن، پێش ماوەیەک کە داخرا زۆرێک لە کەسوکارمان کە لە ئەورووپا ھاتبوونە سووریا دەیانویست لەم دەروازەیە بێنە ھەرێمی کوردستان بەڵام کە بینییان رێگەیان پێنادەن و داخراوە، نەیانتوانی بێن و جارێکیتر گەڕانەوە ئەورووپا.
لە دەستپێکی جەنگی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١، سەدان خێزانی سووریایی پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین و بەشێکی دیکەشیان ژیانێکی نوێیان لە ناو شارەکاندا دەستپێکردووە، بوونی پەکەکە و دەیان رێکخراوی دیکەی چەکداری و ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی، بەشێک لەو کێسانەیە کە بەربەستن بۆ گەڕانەوە ئەو ئاوارانە بۆ زێدی خۆیان، کەمپی دۆمیزش یەکێکە لەم کەمپە گەورانەی دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دھۆک کە شەش ھەزار و ١٢٨ خێزان، ٢٩ ھەزار و ١٩١ کەس لێ دەژین.

 

پەنابەرێکی دیکە بە ناوی عەبدولرەحمان حەیدەر رەجەب، تەمەنی ٦٢ ساڵە، حەوت منداڵی ھەیە یەکێکە لەو پەنابەرانەی کە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری دیمەشقەوە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە کەمپی دۆمیز یەک دەژیت، لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ژیانی پەنابەری زۆر ئەستەمە، ناتوانین بگەڕێینەوە، لەوێ ھیچ ئیش وکار نییە، داواکارین دۆخێک بێتە ئاراوە کە بتوانین ئەم کەمپانە بەجێبهێڵین و بگەڕێینەوە ناو کەسوکار و سەر زێدی باب و پاییرانمان".

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن