327 ناوچەی

قەیرانی كەمی و نەبوونی كارەبا لەعێراق كۆتایی دێت

09:28 - 26/06/2023

زەمەن-عێراقی

 

عێراق کە بەدەست قەیرانێکی درێژخایەنی وزەوە دەناڵێنێت، دەخوازێت لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە پرۆژەی پێکەوەگرێدانی کارەبای کەنداو کە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا قۆناغە سەرەتاییەکانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەقامگیری لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیانی بەدەستبهێنێت. پاشان ببێتە گرنگترین شوێن بۆ گواستنەوەی وزە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و لە ئەنجامی داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990 لەلایەن سەدام حسێنەوە، عێراق کەوتە ژێر گەمارۆی نێودەوڵەتی و لە ئەنجامدا کەرتی وزەی کارەبای عێراق یەکێک بوو لەو دەزگایانەی لە پەرەپێدان بێ بەش کرا و سەرئەنجام تەواوی وڵاتەکە دووچاری بچڕانی کارەبا بوو و هەتا گەیشتە ئەوەی بڕینی کارەبا لە زۆر شوێندا بگاتە زیاتر لە بیست کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.

ئەو پرۆژانەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە دوای ساڵی 2003 لە عێراق ئەنجامدران سەرکەوتوو نەبوون، بەو پێیەی پشت دەبەستێت بە غازی هاوردەکراو لە ئێران، ئەمەش لە کاتێکدا ئەو غازەی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دەردەچن دەسووتێنرێن و بە فیڕۆ دەچن و زیانی ملیۆنان دۆلاریان لێدەکەوێتەوە.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت وڵاتەکەی بەدەست کەمییەکی بەرچاوەوە دەناڵێنێت لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا، بەو پێیەی پێویستییەکانی لە کاتی لوتکەدا دەگاتە 34 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا عێراق لە ئێستادا دەتوانێت ئەوپەڕی 26 هەزار مێگاوات بەرهەم بهێنێت.

موسا دەشڵێت دەکرێت کەمێک ئەم کەمییە لە کارەبا چارەبکرێت بەم پرۆژەیەی کەنداو کە دەتوانرێت لە سەرەتا هەزار مێگاوات بۆ عێراق دابینبکرێت، لەگەڵ بەستنی توڕێک لەگەڵ ئوردن کە ئەویش 150 مێگاوات بە عێراق دەدات و هەروەها بەستنی تۆڕێکی دیکە لەگەڵ تورکیا بۆ گواستنەوەی 300 مێگاوات بۆ عێراق.


پڕۆژەی پەیوەندی کەنداو

وڵاتانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو لە ساڵی 2001 دەزگایەکیان دامەزراند بە ناوی"هيئة الربط الكهربائي لدول مجلس التعاون"، واتە دەزگای پەیوەندی کارەبای وڵاتانی ئەنجومەنی ھاوکاری کەنداو. ئامانج لەم دەزگایە بەدیهێنانی سەقامگیری لە دابینکردنی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.

لە مانگی دەی ساڵی 2005کۆمەڵێک گرێبەست بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لەلایەن بەحرەین و سعودیە و قەتەر و کوێت واژۆوکران. لە ساڵی 2009 کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە. هەتا ساڵی 2014 ئیمارات و سەڵتەنەی عومان ئەوانیش خۆیان بە پرۆژەکەوە بەستەوە.

لە مانگی نۆی ساڵی 2019 وەزارەتی کارەبای عێراق، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ئەنجام دا بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ عێراق لە وێستگەی ئەلوەفرەی کوەیتەوە.

لە مانگی دووی ئەمساڵدا دەستەی پەیوەندییەکانی کەنداو ڕایگەیاند، 5 گرێبەستی بە تێچووی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی پرۆژەی بەستنەوەب کارەبای نێوان وڵاتانی کەنداو و عێراق جێبەجێ دەکەن واژوکردووە.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی کە لەو کاتەدا بڵاوکراوەتەوە، پرۆژەکە لە ڕێگەی دامەزراندنی هێڵێکی کارەبا دەبێت بەدرێژایی 295 کیلۆمەتر لە وێستگەی ئەلوەفرەی کوەیتەوە بۆ وێستگەی ئەلفاو لە باشووری عێراق، بە ئامانجی گواستنەوەی 500 مێگاوات وەک قۆناغی یەکەم و پاشان ببێت بە 1800 مێگاوات.

عێراق ڕێڕەوێکی وزەیە

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا، پرۆژەکە سوودی زۆرە، لە سەروو هەموویانەوە بەشداریکردنە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و غاز. جگە لەوەش پرۆژەکە یارمەتی دەدات لەوەی لە کاتی پێوست وزەی کارەبا لە وڵاتان وەربگیرێت و پاشان بگەڕێنرێتەوە.

موسا ئاماژەی بەوەش دا، پەیوەندی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە ساڵانی داهاتوودا عێراق دەکات بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی وزە لە نێوان وڵاتانی هەناردەکار و ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە هاوردەکردنی کارەبا هەیە.

بە وتەی ئەم وتەبێژە عێراق ئامانجەکانی زۆر لەوانە زیاترن و وتی "عێراق هەوڵدەدات لە نێو ئەو وڵاتانەدا ببێت کە وزەی پاک بەکاردەهێنن بە هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پێش ئێمە بوون لەم بوارەدا، وە ئێستا عێراق پلانی هەیە بۆ دانانی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر و هێزی (با) ."

لە وەڵامی پرسیارێکی "ارفع صوتك" سەبارەت بە نرخی ئەو کارەبایە، موسا وتی، "نرخی کارەبا نرخی وزەی جیهانی و نرخی ئۆپێک لەبەرچاو دەگرێت، و حیسابی بۆ دەکرێت". بەپێی ئەو کاتەی کە دەست دەکرێت بە دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ عێراق دیاریدەکرێت.

ڕوونیشیکردەوە، پەیوەندی کارەبای لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەر ئەوە نییە چیتر پێویست بە هاوردەکردنی غاز لە ئێران ناکات بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ کەمکردنەوەی پێویستی عێراق بۆ بەکارهێنانی گاز و غاز بۆ بەرهەمهێنانی وزە.


هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی وزە

ئابوریناس، خانم سەلام سمێسم، پێی وایە، گرنگترین سوود لە پێکەوە بەستنی کارەبای کەنداو لەگەڵ عێراقدا بریتییە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەی کارەبا و پشت نەبەستن بە یەک سەرچاوەی وزە، هەر دۆخێکی نائاسایی بۆ ئەو وڵاتە، وەک سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی یان گەمارۆکانی تر، دەتوانن ببنە هۆی وەستانی کارەبا لە عێراق.

سمێسم لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بە پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە دەکات، کە ساڵانە نزیکەی 5 ملیار دۆلاری بۆ خەرج دەکات. دەڵێت زۆر جار لە گەرمەی هاوێندا کە پلەی گەرما دەچێتە سەروو 50 ی سەدی ئەم کارەبا و گازە کەمدەکرێنەوە یان دەبڕدرێن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەغدا چەندین لێخۆشبوونی لەو سزایانەی لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بەدەست هێناوە، بەمەش ڕێگەی پێداوە پارەی هاوردەکردنی غازی ئێرانی بدات، کە پشتی پێدەبەستێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا. سەرەڕای ئەوانە، واشنتۆن هۆشداری داوە بە حکومەتی عێراقی لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی هاوردە.

کەمکردنەوەی تێچووی وزە

لای خۆیەوە قاسم جەبار، شارەزای بواری ئابووری بە "ارفع صوتك"ی ڕاگەیاند، "بەستنەوەی سیستەمی کارەبایی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو دەبێتە هۆی گەیشتن بە چەندین ئامانجی کورت و درێژخایەن. لە لایەک پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و دەوروبەری کەنداو بەهێزتر دەکات کە لە دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ کوەیت لە ساڵانی نەوەدەکاندا گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە.

بە گوتەی جەبار، ئەو پەیوەندییە کارەبایە دەبێتە هۆی "کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، کە عێراق ساڵانە بڕێکی زۆر پارەی بە فیڕۆ دەچێت لە خەرجکردنیدا لەو بوارەدا.

بە وتەی ئەو شارەزای ئابوورییە، سوودەکانی تەنها بۆ حکومەتی عێراق نابێت، بەڵکو سەقامگیری دابینکردنی کارەبای عێراق دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باری سەرشانی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی پەنا دەبەن بۆ بەشداریکردن لە موەلیدە ئەهلییەکانی سەر بە کەرتی تایبەت و بڕە پارەیەکی زۆر دەدەن.

جەبار دەشڵێت، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت "سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق دەستەبەربکات، کە لە گەرمەی هاویندا ناڕەزایی زۆری جەماوەری سەرهەڵدەدەن بەهۆی ناسەقامگیری و بچڕانی کارەبا.

زۆربەی عێراقییەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پشت بە موەلیدە ئەهلیەکان دەبەستن، کە لە دوای ساڵی 2003 لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا وەک جێگرەوەیەک بۆ کارەبای نیشتمانی دانراون.


ئایا عێراق قەیرانی کارەبا چارەسەر دەکات؟

ئەندامێکی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان، وەلید ئەلسەهلانی، بە "ارفع صوتك"ی ڕاگەیاند"عێراق لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا لە لێواری چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی وزەی کارەبا دەبێت، لە ڕێگەی هەچەشنەکردنی سەرچاوی کارەبا و لەگەڵیدا وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا. "

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند" ژمارەیەک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژوکردووە بۆ دامەزراندنی وێستگەی کارەبای بە وزەی خۆر، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 12 هەزار مێگاوات.

بەڵام ئەلسەهلانی ئاماژەی بەوەشکرد، "گرفتی تەکنیکی لە کەرتەکانی گواستنەوە و دابەشکردن هەن کە پێویستیان بە هەڵوێستێکی جدی لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ ئەوەی قەیرانی کارەبا بە تایبەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق چارەسەر بکات.
ئەلسەهلانی جەختی خستە سەر دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، دەڵێت چونکە بووەتە پرسێکی چارەنووسساز لە پەیوەست بە خواست و سەقامگیری عێراقییەکاندا.

سەرچاوە /أرفع صوتك-دەنگی ئەمریكا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن