340 ناوچەی

پێشبینی دەكرێت ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق رابگرێت

10:54 - 26/07/2023

زەمەن-عێراقی

 

 

بازرگانان و شارەزایانی ئابووری پێیانوایە ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق رێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جێبەجێ نەکات ئەوا لە داهاتوودا سزا دەکەوێتە سەر بانکی ناوەندیش لە ئەنجامدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هێشتا دادەبەزێت.


بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە ١٤٦ هەزار دینارەوە بووەتە سەرووی ١٥٤ هەزار دینار و ئەوەش نیگەرانی بازاڕی لێ کەوتووتەوە و وتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێریش پێشبینی دەکات لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەلایەن بانکی ناوەندی عێڕاقەوە، ئەوا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بگاتە سەرووی ١٦٠ هەزار دینار.

هەفتەی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقی قەدەغە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە ئەو بانکانە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە و رۆژی دواتریش بانکی ناوەندیی عێڕاق گشتاندنێکی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان ناردووە تیاییدا ئاماژەی بە ناوی ١٤ بانکەکە کردووە و، دەڵێت نابێت بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

هەرچەندە لە گشتاندنەکەی بانکی ناوەندی ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو بانکانەی مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغە کراوە، دەتوانن مامەڵە بە دینار بکەن و لە ھەموو خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی بانکیی عێڕاقی سوودمەندن، بەڵام بڕیارەکە کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دروست کرد.

بازرگانان و شارەزایانی ئابووری پێیانوایە ئەگەر بانکی ناوەندی رێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جێبەجێ نەکات ئەوا لە داهاتوودا سزا دەکەوێتە سەر بانکی ناوەندیش لە ئەنجامدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هێشتا دادەبەزێت.

وتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، کەیفی خۆشناو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بۆ سزادانی ئەو ١٤ بانکەی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا سزایداون، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ هەبووە، لە کاتێکدا تەنیا ١٤ بانک سزادراوە، ئەی ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بانکی ناوەندی، ئەوا هەر کارەسات روودەدات، بۆیە هیوادارین بانکی ناوەندی رێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جێبەجێ بکات کە دەڵێت نابێت بانکی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ ئێران و چین و چەند وڵاتێکی دیکە بکات".

کەیفی خۆشناو وتیشی: "ئەو بانکانە گوایا مامەڵەیان لەگەڵ ئێران، رووسیا و چین کردووە و لەم حاڵەتەشدا بەهای دینار دادەبەزێت و کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ دروستکردووە و هیوادارین حکوومەتی عێڕاق رێوشوێنێک بگرێتەبەر بەجۆرێک نیوەی مووچەی مووچەخۆران بە دینار و نیوەی بە دۆلار بدات بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی رابگرێت".

لە سەنتەری بۆڕسەی بازاڕی دۆلارفرۆشان لە هەولێر، بازرگانان زیاتر خواستیان لەسەر کڕینی دۆلار هەیە و گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پێشبینی دابەزینی بەهای دیناری عێڕاقی دەکەن و لەمبارەیەوە وتی: "ئێستا خواست لەسەر کڕینی دۆلار زۆرە و پێشبینی دەکەین بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک بگاتە ١٦٠ هەزار دیناری عێڕاقی".

هاوکات پسپۆڕێکی ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کە بانکی ناوەندی زیانی پێگەیشتووە و پێشبینیش دەکات تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەمریکا سزای بانکی ناوەندی عێڕاقیش بدات.

پسپۆڕی ئابووری، محەمەد عەلی عوزێری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "ئەو دۆخە ئابوورییە نوێیەی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە کە سزای خستووەتە سەر ١٤ بانک و چوار کەسایەتی لە عێڕاق بە تۆمەتی گواستنەوە و سپیکردنەوەی پارە، هەروەها تێوەگلاون لە بازرگانییەکی رەش لەگەڵ ئێران".

عوزێری وتیشی: "بە بڕیارەکەی ئەمریکا، زیانی سەدا ٣٠ بەو کانیاوەی گەیشتووە کە دۆلاری پیادا بڵاودەکرایەوە، واتا بانکی ناوەندیی عێڕاقی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، پێموایە سزاکان قوڕستر و وڵاتر دەکرێتەوە کە دەگاتە سەرووی بانکی ناوەندیش".

محەمەد عەلی عوزێری پێشبینی دەکات لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سزاکانی ئەمریکا بانکی ناوەندیش بگرێتەوە و بەمەش عێڕاق دەکەوێتە قۆناغێکی خراپی ئابوورییەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بوارێکی هێشتووەتەوە، پێشبینی دەکەم لە داهاتووشدا بەدیاریکراوی تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بانکی ناوەندیش گەمارۆی دەخرێتەسەر و لەم حاڵەتەشدا عێڕاق دەکەوێتە دۆخێکی خراپی ئابوورییەوە".

ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری پێیوایە سزادانی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ناتوانێت سزای ئێران بدات و لەم حاڵەتەشدا عێڕاق دەبێتە قوربانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێستا ئەمریکا دەیکات، سزادانی عێڕاقە بەرامبەر ئەوەی ناتوانێت سزاکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت چونکە ئێران بازرگانی لەگەڵ ئیماڕات و هەندێک وڵاتانی دیکەی عەرەبی هەیە بەڵام ئەمریکا ناتوانێت ئەوان سزا بدات و دێت عێڕاق سزا دەدات، ئەوەش پێدەچێت مامەڵەکردنی تازەی ئەمریکا بێت بەرامبەر بە عێڕاق".

ناوبراو ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئێستا ئابووری عێڕاق بریندارە و کەسیش چارەسەری برینەکە ناکات و لەمبارەیەوە گوتی: "پێش ئەو بڕیارەی ئەمریکا، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی نزیکەی ١٤٧ هەزار دیناری عێڕاقی بوو بەڵام ئێستا سەرووی ١٥٠ هەزار دینارە، بۆیە کەس چارەسەری ئەو برینە ئابوورییەی عێڕاق ناکات، لە هەمانکاتدا پێموایە تا رادەیەک حکوومەتی عێراق ئەم دۆخەی ئێستای بەدڵە چونکە ئەو بوودجە گەورەیەی دایناوە دەتوانێت پاشەکەوتیشی لێ بکات، ئەگەر گریمان بەهای ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٧٠ هەزار دینار ئەوا عێڕاق پارەیشی بۆ دەمێنێتەوە بەجۆرێک سیولەی سەدا ٢٠ زیاد دەکات".

جێی ئاماژەیە پێشووتریش لە شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلاری لە چوار بانکی عێڕاق بە پاساوی "وردبینی" راگرت کە بریتی بوون لە بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرھێنان، بانکی ئاسیای عێڕاقی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن و، بانکی شەرقولئەوسەت بۆ وەبەرھێنان.

هاوکات چوارشەممەی هەفتەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقیدا قەدەغە کرد و تۆمەتباری کردن بەوەی کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، بانکەکانیش بریتیی بوون لە، بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن، بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن، بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن، بانکی ئیلافی ئیسلامی، بانکی ھەولێر بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن، بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی، بانکی عەبرە عێڕاق بۆ وەبەرھێنان، بانکی مووسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرھێنان، بانکی راجحی ئیسلامی، بانکی سۆمەری بازرگانی، بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی، بانکی دارایی ئیسلامی، بانکی جیھانی ئیسلامی (العالم الاسلامی) بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن و، بانکی زینی عێڕاقی ئیسلامی بۆ وەبەرھێنان و پارەدارکردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن