ژمارەی حاجیانی عێراق دیاریكرا
03:29 - 25/05/2023
37 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن
دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ لە عێراقەوە 37 هەزار كەس حەج دەكەن و وەزارەتی تەندروستیش ڕێکارەکانی بۆ پشکنین و کوتان تەواوکردوە.
عەبدولحەکیم نەسرەت، بەڕێوەبەری گشتی بەشی خزمەتگوزاری لەدەستەی حەج وعومرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ژمارەی حاجیانی عێراقی ئەمساڵ گەیشتووەتە 37 هەزار کەس، ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە حاجیان دەکرێت بریتین لە کوتان، دابینکردنی کتێبی تەندروستی بۆ حاجیان، تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەرمانی پێویست، ئامادەکردنی کارمەندانی پزیشکی شارەزا، ئەمە جگە لەو خزمەتگوزارییانەی لە خاکی پیرۆز پێشکەش دەکرێن.
عەبدولحەکیم نەسرەت، دەڵێت دەستەی حەج وعومرەی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنیەوە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە حاجیانی عێراقی کردووە، هەر لە نیشتەجێبوون و خۆراک و خزمەتگوزاری پزیشکییەوە، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقەوەیە.