جیهان

لە فەرەنسا بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ سنوردار دەكرێت

02:39 - 24/05/2023 46 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا، رەشنووسی پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد كە تۆماركردنی كەسانی خوار تەمەن ١٥ ساڵان لە پلاتفۆڕمەكانی تۆری كۆمەڵایەتیی و بەكارهێنانیان دەبەستێتەوە بە مۆڵەتی دایك و باوكەوە.

لە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسادا، گفتوگۆ كرا سەبارەت بە رەشنووسی ئەو پرۆژە یاسایەی ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی رق و كینەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییدا.

لەو رەشنووسی پرۆژە یاسایەدا كە لە دانیشتنەكەدا پەسەند كرا، منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ ناچار دەكرێن، مۆڵەت لە دایك و باوكیان وەرگرن تا لە پلاتفۆڕمەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتییدا ناویان تۆمار بكرێت.

بەپێی ئەوەیش، پێویستە پلاتفۆڕمەكان سیستمێك بەكاربهێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەنی بەكارهێنەران و پشتڕاستكردنەوەی وەرگرتن یان وەرنەگرتنی مۆڵەتی كەسانی بچووك لە دایك و باوكیان.

ئەو پلاتفۆڕمانەی پابەندی یاساكان نابن، بەسەدا یەكی داهاتیان لەسەرانسەری جیهاندا سزای داراییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

هاوكات لەگەڵ پڕۆژە یاساكەدا، پلاتفۆرمەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی، پەیامی خۆپاراستن بەرامبەر قسەی ناشرین و ستەم لە تۆڕی كۆمەڵایەتییدا بڵاودەكەنەوە.

هەروەها دایكان و باوكان دەتوانن داوا لە پلاتفۆڕمەكان بكەن بۆ هەڵپەساردنی هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی منداڵەكانیان كە لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵەوەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن