کوردستان

قه‌یرانی دابه‌زینی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی و رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ری

07:07 - 23/01/2023 44 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن - شیکاری د.رەعد رەفعەت

سەرەتا:

 
له‌رۆژی 27/11/2022 جیسی بیكه‌ر (یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری خه‌زینه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری تیرۆر وتاوانه‌ داراییه‌كان) به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی پێشووی عێڕاق مسته‌فا غالب مخیف رێكه‌وتن كه ‌بانكی ناوه‌ندی عێڕاق پابه‌ندی گشت پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بێت بۆ رێگری له‌سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ وپاڵپشتی تیرۆر. 

بۆیه‌ دوای جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها (10) رۆژ دوای ئه‌م كۆبونه‌وه‌ له‌ 7/1/2023، نرخی دیناری عێڕاقی نزمبویه‌وه‌ بۆ (1500) دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا رۆژی پێشوتری له‌ 6/1/2023 نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مریكی ته‌نها (1470) دینار بوو. 


ئه‌م رێكارانه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر بانكی ناوه‌ندی عێڕاقی نوێ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مریكا ماوه‌ی دوو ساڵه‌ هۆشداری ده‌دا‌ته‌ حكومه‌تی عێڕاقی كه‌ده‌بێ ئه‌م بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دۆلار رابگیرێ له‌رێگای سه‌كۆیه‌كی ئه‌لیكترۆنی بۆ فرۆشتنی دراوی دۆلار ودوا مۆڵه‌تیشی داوه‌ به‌عێڕاق كه‌ 1/1/2023 بووه‌. (د.عه‌بدولره‌حمان شه‌هاب، شاره‌زای ئابوری).

سه‌ره‌ڕای دڵدانه‌وه‌كانی حكومه‌تی سودانی و بانكی ناوه‌ندی عێڕاق به‌وه‌ی ئه‌م دابه‌زینه‌ی دینار "كه‌مه‌" و"كاتیه‌" و"چاره‌سه‌ر" ده‌كرێ، ئه‌وا قه‌یرانه‌كه پێده‌نێته‌ هه‌فته‌ی چواره‌م ورۆژ له‌دوای رۆژ نرخی دیناری عێڕاقی زیاتر داده‌به‌زێ و جارێ هیچ ئاسۆیه‌كی گه‌شیش له‌به‌رچاو نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری زوویی ریشەیی قه‌یرانه‌كه‌.


ئه‌مجاره‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌زینی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار، سیاسی نێوده‌وڵه‌تیه‌‌ ولێكه‌وته‌كه‌ی ئابوری ناوخۆییه‌‌ وله‌داهاتویه‌كی نزیكیشدا بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسی ناوخۆیی ده‌بێت. ئه‌مریكا پێیوایه‌ دۆلاره‌كه‌ی له‌عێڕاق به‌ڕێگا وشێوازی جیاجیا ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ وده‌چێته‌ ده‌ستی هه‌ندێك ووڵات ورێكخراوی سیاسی كه‌به‌نه‌یاری خۆی ده‌یانبینێ وبه‌تیرۆر تۆمه‌تباریان ده‌كات.

بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ی پاره‌ی دۆلاری رۆیشتوو بۆ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا بزانین، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ پێش ئه‌م قه‌یرانه‌ كه‌رۆژانه‌ نزیكه‌ی (250) ملیۆن دۆلار بڵاوده‌كرایه‌وه‌ له‌بازه‌ڕه‌كانی عێڕاق. به‌ڵام دوای گرتنه‌به‌ری ئه‌م رێكاره‌ توندانه‌ی ئه‌مریكا، ئێستا رۆژانه‌ ته‌نها نزیكه‌ (60 تا 120) ملیۆن دۆلار په‌خش ده‌كرێ له‌بازاره‌كان. كه‌واته‌ نزیكه‌ی سێ چاره‌ك تا نیوه‌ی بڕی دۆلاره‌كانی رابردوو بۆ ووڵاتانی نه‌یاری ئه‌مریكا رۆیشتووه‌ وبه‌مه‌ش ئه‌مریكا تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌رێگری كردن له‌گه‌یشتنی دراوه‌كه‌ی بۆ ئه‌م ووڵاتانه‌.


لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانه‌كه‌:

ئێستا له‌كێشه‌ی دابه‌زینی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار بوو بە قه‌یرانی ئابوری وبه‌ره‌و سیاسی ده‌ڕوات و وه‌ستانی بازاڕی كاڵا جیاجیاكان وجوڵه‌ی بازرگانی له‌زۆربه‌ی بواره‌كان وكاریگه‌ری راسته‌وخۆشی ده‌بێ له‌سه‌ر خراپتربونی بژێوی ژیانی هه‌ردوو چینی هه‌ژار وناوه‌ڕاست وله‌ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی شڵه‌ژانی كۆمه‌ڵگه‌ی وزۆربونی تاوان.


قه‌یرانه‌كه‌ سوودیشی هه‌یه‌:

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ راسته‌وخۆ وله‌نزیك مه‌ودادا، خه‌ڵكی سڤیل وبازرگانه‌ بچوک وناوه‌نده‌كان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من لێی، به‌ڵام ئه‌م رێكارانه‌ی ئه‌مریكا له‌دوور مه‌ودا سوودی زۆر زیاتره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی وسپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی دزراوی به‌رپرسه‌كان ورێگریكردن له‌تێكدانی ئابوری هه‌رێم وعێڕاق له‌لایه‌ن هه‌ندێك ووڵاتی دراوسێ.

چاره‌سه‌ره‌ روكه‌شیه‌كان:


ئه‌و رێكارانه‌ی حكومه‌تی عێڕاق وبانكی ناوه‌ندی به‌تایبه‌ت داخستنی هه‌ندێك بۆرسه‌ به‌زه‌بری هێز وگۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی قه‌یرانه‌كه‌ كه‌مێك سوك یان رێگری له‌زۆر ته‌شه‌نه‌كردنی بكات، به‌ڵام بێگومان لێكه‌وتی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت وئه‌گه‌ری هه‌یه‌ قه‌یرانه‌كه‌ قوڵتر ودرێژخایه‌ن تر بكات. نمونەی بەرچەستەی ئاشکرا بۆ سەلماندنی ئەم راستیە، لادانی بەرپرسی بانکی ناوەندی ئێرانی پێش چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بووە هۆی بەهێزبوونی تومەن بۆ چەند رۆژێک ودواتر داڕمانی پێوانەیی تۆمارکرد بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی.

چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانه‌كه‌:

له‌سه‌ره‌تایی قه‌یرانه‌كه‌وه‌ حكومه‌تی عێڕاق شه‌فاف وراستگۆ نه‌بوو بەرامبه‌ر بازرگان وخه‌ڵك، ئه‌مه‌ش قه‌یرانی متمانه‌ی دروستكرد له‌لایه‌ن بازرگان وهاووڵاتیان به‌رامبه‌ر نیاز وبریاره‌كان وچاره‌سه‌ریه‌كانی حكومه‌تی سودانی. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌ت ره‌گوریشه‌ وسه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات نه‌ك لێكه‌وته‌كانی. كه‌ ئه‌ویش خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ داواكردنی مۆڵه‌تێكی (3 تا 6) مانگی له‌ئه‌مریكا بۆ دواخستنی رێكاره‌ سزاییه‌كانی تا حكومه‌تی عێڕاقی به‌ته‌واوی سه‌كۆ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ ده‌خاته‌ كار وته‌واو كۆنتڕۆلی كه‌رتی بانكی وبازرگانی هه‌رێم وعێڕاق ده‌كات.

تا تەواوبونی مۆڵەتەکەش، دەبێ عێڕاق بەناچاری بڕی خستنەرووی دۆلاری رۆژانە وەکو پێش قەیرانەکە بکاتەوە ونرخی دیناریش لەسەر بڕی خستنەڕوی رۆژانەی دۆلاری بانکی ناوەندی بەندە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن