لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ١٤ کەس لە ھەولێر بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
11:30 - 16/11/2026
زەمەن_هەواڵ
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، لە ٢٠٠٦ تا ٢٠٢٦ شاری ھەولێر چەندجارێک بەھۆی بارانبارینەوە ڕووبەڕووی کۆبوونەوەی ئاو یان لافاو بووەتەوە کە لە ئەنجامدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی زۆری ماددیشی بە ھاووڵاتییانی شارەکە گەیاندووە.
بارانبارینی توند لە شاری ھەولێر، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ھۆی دروستبوونی لافاو و زیانی گیانی و ماددیی ھەبووە، وەک گیانلەدەستدان و ڕووخانی پرد، خانوو، دوکان، شەقام و ڕێگاوبان و ژێر ئاوکەوتنی ئۆتۆمبێل.
لە ٥ی شوباتی ٢٠٠٦، یەکێک لە لافاوە گەورەکان لە ھەولێر ڕوویدا. بارانێکی زۆر کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا باری و، بڕی بارانبارین لە ناو شاردا گەیشتە نزیکەی ١٠٣ ملیمەتر، ئەو بارانە بووە ھۆی ڕووخانی سێ پرد لە دەوروبەری ھەولێر، زیانگەیشتن بە ژمارەیەک خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون، ھەروەھا یەک کەس گیانی لەدەستدا.

پێنج ساڵ دواتر، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١١، بارانێکی بەردەوام و توند جارێکی دیکە بەشێکی فراوانی ھەولێری گرتەوە و لە ماوەی سێ کاتژمێردا ٦٢ ملیمەتر باران تۆمار کرا و کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر گەڕەکەکانی گڵکەند، سێتاقان، تەیراوە، ئازادی، منارە و باداوە، ھەروەھا بارانەکە زیانی بە خانوو و شەقامەکان گەیاند و ھاتوچۆی لە چەند شوێنێکدا پەکخست.
ھەروەھا لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا، جارێکی دیکە شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت شاری ھەولێر کرد کە نزیکەی ٥١ ملیمەتر باران تۆمارکرا و بووە ھۆی کۆبوونەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی باشووری ڕۆژئاوای ھەولێر، ھاوکات لە ١١ی ئەیلوول و ٩ی تشرینی دووەم و ٣٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە بەھۆی بارانبارینەوە کۆبوونەوەی ئاو لە چەند شوێنێکی ھەولێر دروست بوو، ھەروەھا چەند ئۆتۆمبێل و خانوویەک لە گەڕەکی ژیان ژێرئاوکەوتن.
لە ٢٩ی ئاداری ٢٠١٦یش، دیسان شەپۆلێکی دیکەی توندی باران کە بڕەکەی نزیکەی ٤٢ ملم بوو، لە چەند قۆناغێکدا باری و بووە ھۆی کۆبوونەوەی ئاو لە چەند ناوچەیەکی ناوشاری ھەولێر، ھەروەھا لە ٢٢ و ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بارانبارینی بەردەوام لە ھەولێر و دەوروبەری، کۆبوونەوەی ئاو و زیانی بە ھەندێک ناوچە گەیاند، بە تایبەتی گەڕەکی تەیراوە و گەڕەکی ڕۆشنبیری.

بەڵام لافاوەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ یەکێک بوو لە کارەساتە تراژیدیاکان بەجۆرێک لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بەھۆی لافاوێکی فراوانەوە کە قەزای بنەسڵاوە و ناحیەی دارەتوو و گەڕەکی ڕۆشنبیریی گرتەوە و تێیدا ١١ کەس گیانییان لەدەستدا کە یەکێکیان هاووڵاتیی تورکیا و یەکێکی دیکەش هاووڵاتی فلیپین بوو، هەروەها زیانەکان بە ٢١ ملیار دیناری عێڕاقی خەمڵێندرابوو، بەهۆی لافاوەکەوە بەشەناوخۆییەکانی شەوکەت شێخ یەزدین زیانی بەرکەوت و لە زانکۆی سەڵاحەدین ھەفتەیەک کرا بە پشوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەشەناوخۆییەکان، ھەروەھا لە ٢٠٢٢شدا بەھۆی لافاوەوە چەندین خانوو لە گەڕەکەکانی تەیراوە، ھەولێری نوێ و برایەتی بەھۆی ئاوچوونە ناو ماڵەکان، زیانییان پێگەیشت.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣ بەھۆی بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاوەوە، دوکاندارانی بازاڕی تەیراوە و چەندین ماڵ لە گەڕەکی فەرمانبەران و چەندین ئۆتۆمبێل زیانییان پێگەیشت،
ھەروەھا لە ٢ی ئایاری ٢٠٢٤دا، بەھۆی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، ٤٠ ئۆتۆمبێل زیانییان پێگەیشت و ١٦ ئۆتۆمبێل لە گەڕەکی شۆڕش لە ژێر ئاو دەرھێندران، ھاوکات بەشێکی شەقامی ٣٠ مەتریی بەھۆی ئاوەوە داخرا، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥یش، بارانبارینی توند جارێکی دیکە چەند گەڕەکێکی ھەولێری گرتەوە و دیسان چەندین ئۆتۆمبێل و خانوو زیانییان پێگەیشت.
ئەمساڵیش لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ھەولێر جارێکی دیکە ڕووبەڕووی لافاوێکی کارەساتبار بووەوە، بارانێکی توند و لەناکاو دەستی پێکرد بە جۆرێک شەپۆلێکی بەھێزی ئاو لە گوندی پیرڕەشی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر بە ئاراستەی ناو شار درێژبووەوە و لە ئەنجامدا بووە لافاوێکی فراوان کە گەڕەکەکانی ھیوا ستی، سێبەردان، ھەولێری نوێ، شێخ ئەحمەد و گڵکەندی گرتەوە و بەھۆیەوە دوو کەس گیانییان لەدەستدا و زانیارییە بەراییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەم لافاوەدا ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ٧٠٠ خانوو، هەروەها زیاتر هەزار ئۆتۆمبێل یان ژێر ئاو کەتوون یان زیانییان پێگەیشتووە، ئەم بڕە بارانە لە ماوەی دوو کاتژمێردا ٨٠ ملیمەتر بوو لە کاتێکدا پێشبینییەکان ٣٠ ملیمەتریان دەستنیشانکردبوو.
ئەگەرچی لافاو وەک ھەر دیاردەیەکی دیکەی سرووشتی ھەژمار دەکرێت، بەڵام دووبارەبوونەوەی لافاو لە ھەولێر لە ماوەی بیست ساڵدا دیاردەیەکی سرووشتیی نیە و چەند ھۆکارێکی ھەبووە هەر وەک لە توێژینەوەکان و بەم دواییەش پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە ڕاپۆڕتێکدا ئاماژەی پێیکرد، سەرەکیترینیان گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوە بەھۆی بوونی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و فراوانبوونی شاری ھەولێر، ئینجا ناتوانایی تۆڕی ئاوەڕۆ و ئاودەرکردنە، چونکە بەشێک لە تۆڕەکانی ئاودەرکردن بۆ بڕی بارانبارینی ئەمڕۆ و فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و بوونی باڵەخانە بەرزەکان دیزاین نەکراون، لەگەڵ ئەوەشدا کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان لەناو دەرچە و ڕێرەوەکانی ئاو، ھۆکارێکی دیکەی سەرەکی کۆبوونەوەی ئاوە.

سێ ڕێڕەوی سەرەکیی ئاو بۆ ناو شاری ھەولێر
بەپێی نەخشەی سیستەمی زانیاریی جوگرافی (GIS)، بە گشتی ڕێڕەوی ئاوی باران لە شاری ھەولێر، چەند ڕێگایەکی ھەیە کە لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی ھەولێر، بەرەو باشوور و ڕۆژئاوای ھەولێر درێژدەبنەوە بە جۆرێک سێ ڕێڕەوی سەرەکی ئاوی باران ھەیە، یەکەمیان لە باکووری ھەولێر دێتە ناو شار، بە گەڕەکەکانی، سەفین، بێرکۆت، کوێستان و لەوێشەوە بۆ کورانی عەنکاوە و پاشان بەرەو ڕێگای نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و گوندی گەزنە درێژدەبێتەوە.
ڕێگای دووەمیان لە بەری چەپی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات، بە گوندی پیرڕەش بەرەو شەقامی ١٥٠ مەتری بە ئاراستەی ناوشار درێژدەبێتەوە و لەوێیەوە بە پشت شاری ئاشتی و شاری ئەندازیاران و بە نێوان ھیواستی و سێبەردان شۆڕدەبێتەوە بۆ ھەولێری نوێ، چوارچرا، مامۆستایان، گڵکەند، سەیداوە، خانەقا، تەعجیل، زانیاری، نیشتمان، پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان، سەربەستی و لەوێیەوە دەچێتە دەرەوەی شار.
رێگای سێیەم لە بەری ڕاستی کەسنەزان دەستپێدەکات و بە تەنیشت ھیران ستی درێژدەبێتەوە بۆ گەڕەکی زاگرۆس و گەلاوێژ، فەرمانبەران، ڕۆشنبیری و گەڕەکی ژیان و پاشان لە نزیک مامزاوە و قەتەوەی دەچێتە دەرەوەی شار.
ئەمە جگە لەناو شاریش کۆمەڵێک لقی لاوەکی ھەن کە تێکەڵ بەو ڕێڕەوە سەرەکییانە دەبن و قەبارەی ئاوەکە زیاتر و بەھێزتر دەبێت و پێویستی بە ڕێڕەوێکی فراوان و بێبەربەست ھەیە، بێگومان ئاو ڕێگای خۆی ناگۆڕێت، بۆیە کاتێک لە ھەندێک شوێن لەسەر ڕێگای ڕێڕەوەکە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە و شەقام دروستکراون و بەھۆیەوە ئاراستەی ڕێڕەوەکە گۆڕدراوە، ئەمە وادەکات لە خاڵێکی گۆڕینی ڕێڕەوەکە ئاوێکی زۆر کۆببێتەوە و لە پڕ دەرچەیەک بدۆزێتەوە، لەم کاتەدا شوێنی جیاوازی بەدەر لە ڕێڕەوەکە دەکەونە بەر ئەم شەپۆلە و، ڕووبەڕووی لافاو دەبنەوە.
ئەم ھۆکارانە لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە گۆڤاری نێودەوڵەتی Scientific Reports بەناونیشانی (مۆدێلسازی زانستیی بڵاوبوونەوەی ئاو بە بەکارھێنانی سیستەمی زانیاریی جوگرافیایی (GIS)، ڕێگایەک بۆ ناسینەوە و کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لە ھەولێر) بڵاوکراوەتەوە بە شێوەیەکی وردتر شیکراونەتەوە. توێژینەوەکە بە بەکارھێنانی ئەم سیستەمە، ڕێڕەوەکانی ڕەوتی ئاوی باران و ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ناو مەترسی لافاو، دیاریی کردوون.
بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، گەشەی شار و فراوانبوونی ھەولێر، لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پڕۆژەکانی بازرگانی لەسەر یان لە تەنیشت ڕێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسیی لافاو لە شارەکەدا. توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لەو ناوچانەی کە ئێستا پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانییان تێدا دروست کراوە، لە بنەڕەتدا لەسەر ڕێڕەوی سرووشتیی ڕۆیشتنی ئاوی باران ھەڵکەوتوون.
توێژەران بۆ دیاریکردنی سنووری ئەو ناوچانەی کە لافاو دەیانگرێتەوە، قووڵایی ٠.٢ مەتر وەک سنووری پێوانەکردنیان ھەڵبژاردووە، واتا ھەموو ئەو شوێنانەی کە قووڵایی ئاو لە ٢٠ سانتیمەتر یان زیاترە، لە ناوچە تووشبووەکاندا ھەژمار کراون. ھەروەھا ئەو ڕووبەرانەی کە لە ٥٠٠ مەتر چوارگۆشە بچووکتر بوون، لە ھەڵسەنگاندنەکەدا پشتگوێ خراون.

شوێنە مەترسیدارەکان لە ھەولێر
توێژینەوە زانستییەکە بە وردی چەند ناوچەیەکی ھەولێری دیاریکردووە کە لە کاتی بارانبارینی تونددا ڕووبەڕووی کۆبوونەوەی ئاو و مەترسیی لافاو دەبنەوە.
لە بەشی باکووری شارەکە، ناوچەی پیشەسازی باکوور و دەوروبەری پڕۆژەی فامیلی مۆڵ، وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕەوتی ئاو دیاریکراون. بەپێی توێژینەوەکە، ئاوی کۆبووەوە لەم ناوچانەوە بە ئاراستەی ناو شار دەڕوات و بەشێکی بەرەو گەڕەکی تەیراوە و بازاڕی تەیراوە دەچێت. لە کاتی بارانبارینی تونددا ئەم ڕەوتە دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی ئاو لە شەقامی تەیراوە و ھەروەھا لە نزیک دەروازەی سەرەکیی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری کۆدەبێتەوە، (هەرچەندە دوای توێژینەوەکە لە ڕێگای ئاوەڕۆی سندوقییەوە کۆبوونەوەی ئاو لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران تا ئاستێکی باش چارەسەر کراوە) بەڵام بە گشتی ئەم شوێنانە بە ناوچە گرنگەکانی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە ھەولێر دادەنرێن.
لە بەشی ڕۆژھەڵاتی شارەکەش، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەوتی ئاو لە گەڕەکی ھەڤاڵانەوە بەرەو گەڕەکی سێتاقان دەڕوات و لەوێوە کاریگەری لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری دەبێت. دواتر ڕەوتی ئاو بەرەو گەڕەکی سەیداوە دەچێت و لە نزیک پردی سەیداوە کۆدەبێتەوە، پاشان بە ئاراستەی بازاڕی نیشتمان بەردەوام دەبێت.
لەو ناوچەیەدا ئاوی باران لە ڕێگەی کەناڵێکی ژێرزەوییەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بڕی ئاوەکە لە توانای ھەڵگرتنی کەناڵەکە زیاتر بێت، ئاو لە کەناڵەکە دەڕژێتەوە و لەسەر زەوی کۆدەبێتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تۆڕی دەرچە و کەناڵەکانی ئاوی باران لە ھەندێک بەشی شاردا توانای پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڕێکی زۆری ئاوی باران نییە.
پڕۆژە نیشتەجێبوونییەکانی سەر ڕێڕەوی ئاو
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی توێژینەوەکە، دیاریکردنی شوێنی ھەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوونە کە لەسەر ڕێڕەوی سرووشتیی ئاو دروستکراون. لەم بارەیەوە، ناوی زێرین سیتی و گوندی کۆری لە باکووری شاری هەولێر ھاتووە و ئاماژە بەوەکراوە کە ھەردووکیان لەسەر ڕێڕەوی جۆگە سرووشتییەکانی ئاو ھەڵکەوتوون، بێگومان دوای توێژینەوەکەش گوندی ئیسپانی لە تەنیشت گوندی کۆری و پاشان کوردستان ستی و گەنجان ستی دروستکراوە کە کەوتووەتە سەر یان نزیک هەمان ڕێڕەوی ئاو.
توێژەران لە ھەڵسەنگاندنەکەیاندا ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەو شوێنانە لە بنەڕەتدا بەشێک بوون لە ڕێڕەوی سرووشتیی ڕۆیشتنی ئاو و پێویست بووە ئەم ڕێڕەوانە لەگەڵ فراوانبوونی شاردا بپارێزرێن، نەک ئەوەی بە دروستکردنی پڕۆژە و بیناسازیی ڕێگە لە ڕەوتی ئاو بگیرێت.
ھەروەھا توێژینەوەکە ئاماژە بە گوندی گردجووتیار لە قەزای بەحرکە دەکات، کە ڕێڕەوێکی سرووشتیی ئاو لە تەنیشت گوندەکە ھەیە. بەڵام لە کاتی ھاتنی بڕێکی زۆری ئاو، ئەم ڕێڕەوە نەیتووانیوە ڕووبەڕووی ئاوەکە ببێتەوە و بەشێک لە ئاوەکە بۆ بەشی باکووری گوندەکە چووە.
لە ھەمانکاتدا، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ناوچەکانی قەزای بنەسڵاوە و گەڕەکی ڕۆشنبیری لە ناحیەی دارەتوو، ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوون لە تەنیشت ڕێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو دروست کراون و کاریگەرییەکانی ئەم ناوچانەش لە کارەساتی لافاوی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا بە ڕوونی بەدیکرا.
ئەمە لە کاتێکدایە دوای لافاوەکەی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ کە هیواستی، سێبەردان، هەولێری نوێ و گڵکەندی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە پارێزگاری هەولێر ئەنجامدا کە تێیدا پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دامودەزگا پەیوەنددارەکانی پارێزگای هەولێر بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر ڕاپۆڕتێکی لەبارەی لافاوەکە و هۆکارەکانی خستەڕوو، تێیدا ئاماژەی بەوەکرد وێڕای قەبارەی زۆری بارانبارینەکە بەڵام هەندێک پڕۆژە و شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر ڕێڕەوی ئاو دروستکراون (وەک ئاماژەیەک بە بەشێک لە پڕۆژەی هیوا ستی و بەشێک لە خانووەکانی سێبەردان کە بێ تاپۆ دروستکراون بە جۆرێک ڕێڕەوێکی ئاوی باران بە نێوان ئەم دوو شوێنەدا دەڕوات بەڵام بەهۆی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، ڕێڕەوەکە بەقەد نیو ئەوەندەی پێشوو باریک کراوەتەوە کراوەتە ڕێڕەوی سندوقی و داپۆشراوە، ئەمەش لە لافاوەکەی ئەمجارەدا بووەتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاوەکە و لە پڕ ئاراستەی ئاوەکە بەرەو ماڵەکانی گەڕەکی سێبەردان ڕۆیشتووە و ئەم کارەساتەی لێ کەوتووەتەوە) هەروەک بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر زەردەشت عەبدولخالق بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو کە هەردوو شوێنەکە بوونەتە هۆی بچووککردنەوەی ڕێڕەوەکە و ئەو ڕێرەوە سندوقییەی کە دروستکراوە لە کاتژمێرێکدا توانای لە خۆگرتنی ٢٠ ملیمەتر بارانی هەیە لە کاتژمێرێکدا بەڵام ئەوەی باریووە ١٢٥ ملیمەتر باران بوو لە دوو کاتژمێردا.
هەروەها هەر لە ڕاپۆڕتەکەدا، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە بەشێک لە سیستەمی ئاوەڕۆکان کۆنن و کێشەی دیزاینیان هەیە بە جۆرێک سەرەتای ئاوەڕۆکە زۆر فراوانە و لە کۆتاییدا دەرچەکە باریک دەبێتەوە لە کاتێکدا دەبوو دیزاینەکە پێچەوانە بووایە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئاوێکی زۆر لە شوێنە جیاجیاکان کۆببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی فریاکەوتن لە لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەم، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە لە ئەنجامی لافاوەکەی ٧ی تشرینی دووەم، ھەزار و ١٣٠ ئۆتۆمبێل زیانییان پێگەیشتووە بەجۆرێک ٣٣٠ ئۆتۆمبێل بە تەواوی پەکیانکەوتووە و ژێرئاوکەوتوون، ھەروەھا ٨٠٠ ئۆتۆمبێلی دیکەش ئاو چووەتە ناو مەکینەکانیان، ھاوکات ئاو چووەتە ناو ٧٨٠ ماڵ و ٤٦٦ دوکان و ١٩٠ عارەبانەش بەھۆیەوە زیانییان پێگەیشتووە.
ھاوکات بەپێی دوایین ئاماری ئەو لیژنەیەی کە لە پارێزگای ھەولێر پێکھاتووە، کە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ڕایانگەیاند تا ئێستا زیانەکان بریتیین لە ٨٥٠ خانوو، ٦٥٠ دوکان، ١٠٥ کۆگا، ٢ کۆمەڵگای پزیشکی، ٢ دەرمانخانە، یەک ھۆتێل، ٥ مارکێت، ھەروەھا تا ئێستاش ١٧١ ئۆتۆمبێل تۆمارکراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
سیستەمی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەکان توانای بڕی زۆری ئاویان نیە
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا، باس لە ڕێگای بازنەیی ١٥٠ مەتری کراوە، بە تایبەتی بەشی نێوان ڕێگای شەقڵاوە و ڕێگای بەحرکە. بەپێی توێژینەوەکە، لە ژێر ئەم ڕێگایەدا کەناڵ و بۆڕییەکانی گواستنەوەی ئاو ھەن، بەڵام ئەو سیستەمە زیاتر بۆ گواستنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان دانراوە و توانای ھەڵگرتنی بڕێکی زۆری ئاوی بارانی نییە. بۆیە لە کاتی بارانبارینی تونددا، ئەگەر بڕی ئاو لە توانای ھەڵگرتنی ئەم کەناڵانە زیاتر بێت، مەترسیی کۆبوونەوە و ڕژانی ئاو زیاد دەبێت.
بە گشتی، ئەو شوێنانەی لە توێژینەوەکەدا وەک ناوچەی پەیوەست بە ڕێڕەوی ئاوی باران و مەترسیی لافاو دیاریکراون، بریتین لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری ھەولێر، دەوروبەری فامیلی مۆڵ، تەیراوە، ھەڤاڵان، سێتاقان، سەیداوە، نیشتمان، زێرین سیتی، گوندی کۆری، گردجووتیار، بنەسڵاوە و ڕۆشنبیری، لە نێوان ئەم شوێنانەدا، توێژینەوەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە زێرین سیتی و گوندی کۆری لەسەر ڕێڕەوی ئاو، هەروەها چەند شوێنێکی نیشتەجێبوون لە قەزای بنەسڵاوە و گەڕەکی ڕۆشنبیری لە ناحیەی دارەتوو لە نزیک ڕێڕەوی ئاوی سرووشتی دروستکراون.