ئۆتۆمبێلە خودکارەکان؛ شۆڕشێکی تەکنەلۆژی نوێی گەورە بەڕێوەیە
07:03 - 19/09/2022
زهمهن_ لوقمان حەوێز
ڕوونکردنەوە: چەند بەشێکی نوسینەکەم
لەوانەیە لەلاتان وەکو فانتازیایەکی زانستی بێت، بەڵام ئەوپەڕی تا دە بۆ بیست ساڵی
تر ڕوودەدات، ڕوونکردنەوەکانی تری ناو نوسینەکەم هەمووی زانستین و بۆ ئەوەیە بزانن
لە داهاتوێکی نزیک ئۆتۆمبێلەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە چۆن دەبن و چەندە جیاواز
دەبن.
کات: سەرەتای هاوینی ساڵی 2034...
شوێن: شاری سان فرانسیسکۆ
کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا...
زۆربەی هەرە زۆری ئۆتۆمبیلەکان
خودکارن و بەبێ دەستکاری مرۆڤ کەسەکان و کەلوپەلەکان دەگوازنەوە، لەسەر ڕێگاکانیش
ئاخاوتن و دەمەتەقێ لەگەڵ یەکتر دەکەن، یارمەتی یەکتریش دەدەن لە ڕێگاوبانەکان،
لەکاتی جوڵانەوەشیان قسە لەگەڵ سەرنشینەکانیشیان دەکەن و هەوڵ دەدەن چەندەی بکرێت
خۆشی بخەنە نێو دڵیان...
لە ماوەی 10 بۆ ئەو پەڕی 20 ساڵی تر
زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان و هۆکارکانی گواستنەوە خودکار دەبن، لایەنی کەم لە زۆربەی
شارە گەورەکانی ووڵاتە پێشکەوتووەکان، واتە پێویستیان بە شوفێر نابێت بۆ
گواستنەوەی خاوەنەکانیان و سەرنشینەکانیان، هەموو پێداویستیەکانی ئەم شۆڕشە
گەورەیە لەئێستادا بەردەستن، بەشێوەیەکی سەرەکی بریتین لە زیرەکی دەستکرد، GPS ، ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان وەک: کامیرای دیجیتاڵی
ڕیزۆڵیۆشنی بەرز کە لەڕووناکی ئاسایی و نزم کار دەکەن، نێرەر و وەرگری نیشانەکان و
هەستەوەرەکان، هەروەها تۆڕی بێتەلی نەوەی پێنجەم 5G بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری
بەشێوەیەکی زۆر خێرا..
بۆ زانیاریشتان لەئێستادا
کۆمپانیاکانی تێسلا، فۆرد، تۆیۆتا و هەندێک کۆمپانیای تریش وەک گووگڵ پێشبڕکێ
دەکەن بۆ خستنە بەردەستی یەکەم ئۆتۆمبێلی سەدا سەد خودکار، لە هاوینی ساڵی 2017
وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی ئەمەریکا هەموو ڕێنمایی و یاسا و ڕێساکانی خستە بەردەستی
ئەو کۆمپانیایانە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن لەو بوارە..
داهێنان و خستنەکاری تۆڕە
بێتەلەکانی نەوەی پێنجەم 5G بۆ گواستنەوەی زانیاری، تەکنەلۆژیای
ئۆتۆمبێلە خودکارەکان دەخاتە بواری جێبەجێکردن پێ بەپێ، گوستنەوەی زانیاری لەنێو
تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم 5G بۆ 100 ئەوەندە خێراترە بە بەراورد بەگواستنەوەی زانیاری لەڕێگەی
تۆڕەکانی 4G، ئۆتۆمبێلی خودکار یان بێ شوفێر کۆمەڵێکی زۆر لە کامێرا و
هەستەوەری بە هەرچواردەوریدا دەبێت کە بەردەوامی زانیاری وەردەگرن و دەنێرن بۆ
بنکەکانیان و لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانی تر و هەستەوەرەکانی سەر شەقامەکان ئەو
زانیاریانە ئاڵوگۆڕ و تاوتوێ دەکەن، ئەمەش پێویستی بە چەپکێکی زۆر فراوان و خێرایە
لە ناردن و وەرگرتنی زانیاری، تۆڕە بێتەلەکانی نەوەی پێنجەم 5G دەتوانن ئەمە دابین بکەن بۆ
خستنەکاری ئۆتۆمبیلە خودکارەکان..
لاتان سەیر نەبێت، دەشێت بەو
ئۆتۆمبێلانە بووترێت پێشکەوتووترین و بەهێزترین کۆمپیوتەر لەسەر چوار تایە، قسە و
دەمەتەقێ دەکەن لەگەڵ سەرنشینەکانیان و خاوەنەکانیان، دەتوانن وەڵامی هەموو
پرسیارەکانیان بدەنەوە، پێداویستیەکان و خواستەکانیان دابین دەکەن، هەروەها
ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵ یەکتریش پەیوەندی دەکەن بە ناردنی پەیام و پێشنیار بۆ یەکتر
لەچوارچێوەی هەندێک ڕێنمایی گشتی، توانای ئەوەشیان دەبێت یارمەتی یەکتریش بدەن
لەکاتی پێویست..!
ئەمە نمونەیەکە: دوو ئۆتۆمبیلی
خودکار دەمەتەقێ لەگەڵ یەکتر دەکەن: ئەو ئۆتۆمبێلەی لەدواوەیە بەوەی پێش خۆی دەڵێت
ڕێژەی بارگەی پاتریەکانم گەیشتووە بە سەدا بیست و حەوت، ماوەم بدە هەندێک زیاتر
نزیک دەبمەوە لێت بۆ ئەوەی کاریگەری هێزی با لەسەرم کەمبێتەوە و ئەو بارگەیەی
ماومە لەماوەیەکی هەندێک درێژتر تەواو بێت، ئۆتۆمبێلە خودکارەکەی پێشەوەش ڕێگەی
پێدەدات هەندێک زیاتر لەدواوە لێی نزیک بێتەوە..
نمونەیەکی تر: ئۆتۆمبێلێکی خودکار
قسە لەگەڵ سەرنشینەکەی دەکات کاتێک ئەو سەرنشینە دێتە ناوەوە و دەیەوێت گەشتێک
بکات: بەیانیت باش گەورەم، هیوادارم باش بیت، لە ناونیشانە پارێزراوەکان یەکێکیان
هەڵبژێرە یان یەکێکی نوێم بۆ بنێرە یان پێم بڵێ، سەرنشینەکەش یەکێکیان هەڵدەبژێرێت...
گەورەم گەشتەکە 16 خولەک دەخایەنێت،
دوریەکەش 14.6 کیلۆمەترە، ڕووداوێکی هاتووچۆش لەنزیک ئەو شوێنەی بۆی دەچیت
ڕوویداوە، بەڵام هەوڵ دەدەم بەشەقامێکی لاوەکی تر بچم بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی کەمترین
کاتت بەفێڕۆ بچێت، هەرچیت پێ باشە دەیکەم...
پلەی گەرمی لای تۆ 23 پلەیە، پێت
باشە یان دەستکاری بکەم..؟ لەدەرەوەش لە ئێستادا پلەی گەرما لێرە 27 پلەیە،
زانیاری زۆر وردتریش لەسەر سکرینەکەم خراوەتەڕوو...