عیراق

پەرلەمانتارێکی پارتی: مه‌عقول نییه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ به‌ڵام حكومه‌تێكی بێ ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆک كۆمار ویلایه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بووه‌ بمێنێته‌وه‌

07:58 - 15/08/2022 163 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن - عێراقی

 

 شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" وەک لە ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە، له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی لایەنەکان ئەنجامەکەی قبوڵ بکەن.


" چاوه‌ڕێین له‌ڕۆژانی داهاتوو بزانین سه‌ماحه‌تی سه‌ید موقتەدا سه‌در بڕیاره‌كه‌ی چیه "
لە سەرەتای قسەکانیدا شێروان دووبەردانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشبینی دەکەیت بەم نزیکانە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت؟ لە وەڵامدا دووبەردانی ڕایگەیاند"وادیاره‌ بەم نزیکانە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نییه‌، بارودۆخی عێراق به‌ره‌و خراپتر دەڕوات، مەگەر هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له ‌نێوان لایه‌نی سیاسی بۆ گفتوگۆیه‌كی ڕاسته‌قینه‌، تابتوانن ئێمه‌ له‌و كێشه‌ سیاسیانه‌ ده‌ربێنن، دوای خۆپیشاندانی هه‌ردوولا بۆ كوێ ده‌ڕۆین، ده‌بێت گفتوگۆ هه‌بێت هه‌تا ئه‌مڕۆ وادیاره‌ خۆپێشانده‌رانی سه‌ر به‌ڕه‌وتی سه‌در به‌رده‌وامن، بۆیە له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌به‌غداد به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانین وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کۆبونەوە بكه‌ین به‌بوونی ئه‌وان له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، چاوه‌ڕێین له‌ڕۆژانی داهاتوو بزانین سه‌ماحه‌تی سه‌ید موقتەدا سه‌در بڕیاره‌كه‌ی چیه؟‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بینای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چۆڵ ده‌كه‌ن یان چۆڵ ناكه‌ن؟ یاخود سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان په‌یڕه‌وی ناوخۆی به‌كارده‌هێنێت دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌یه‌كێک له‌پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجام ده‌دات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناكۆكی سیاسی هه‌یه‌ نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ كه‌ ئایا له‌بینای په‌رله‌مان دانیشتن بكه‌ین له‌دوای كشانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران، چونکە په‌رله‌مان به‌مانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری سه‌در له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ناتوانێت دانیشتنێكی یاسایی ئه‌نجام بده‌ین، ئێمه‌ش ده‌زانین په‌رله‌مان هەڵناوەشێتەوە مه‌گه‌ر به‌دانیشتنی په‌رله‌مان نه‌بێت به‌ ده‌نگدانی 50+1 په‌رله‌مان هەڵبوەشێتەوە، هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی له‌گه‌ڵ بڕیاری دادگای فیدڕاڵین كه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بكرێت. "



"هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر نییه"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وه‌كو په‌رله‌مانتارێک پێشبینی ده‌كه‌یت جارێكی تر له‌په‌رله‌مان دابنیشیته‌وه‌؟
لە وەڵامدا ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق (شێروان دووبەردانی) دەڵێت" سه‌یره‌ ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانێكی شه‌رعی به‌ده‌نگی عێراق هاتووه‌، مه‌عقول نییه‌ حكومه‌تێكی بێ ده‌سه‌ڵات سه‌رۆک كۆماری ویلایه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بووه‌ بمێنێته‌وه‌ و په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه! ‌ دوای ئه‌وه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراوه‌، هه‌موو ده‌زانین نه‌زیهترین و باشترین هه‌ڵبژاردن له‌سه‌رئاستی عێراق له‌دوای 2005 ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی 10-10 -2021 بووه‌ ئه‌ی چاره‌سه‌ر چییه‌! خه‌ڵكه‌كه‌ ئومێدی ماوه‌ به‌لایه‌نی سیاسی و به‌ په‌رله‌مان دواتر بچن هه‌ڵبژاردن بكه‌نه‌وه‌ بچنه‌وه‌ سه‌ر سندوقه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ چۆن باوه‌ڕی به‌لایه‌نی سیاسی بمێنێت دوباره‌ بچنه‌وه‌ و سێ باره‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ دواتر لایه‌نێک كورسی بهێنێت و ئه‌وانی تر كورسی نه‌هێننه‌وه‌ دیسان په‌رله‌مان په‌كبخرێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر نییه،‌ به‌ڵكو ده‌بێت گفتوگۆیه‌كی ڕاست و گرێبه‌ستێک بكرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی سیاسی كه‌ بتوانین ئێمه‌ له‌و كێشانه‌ ده‌ربچین. "

" له‌گه‌ڵ دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی..... "
سه‌باره‌ت به‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ڕۆژی شەممەی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌پێی هه‌ندێک مه‌رج كه لە ڕاگەیەنراوەکەدا‌ هاتووە، ‌وادیاره‌ كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندایه‌ ئایا به‌ئێوه‌ وتراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن؟

لە وەڵامدا شێروان دووبەردانی وتی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی كه‌ له‌مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌ ده‌رچووه‌ ڕاگه‌یاندێكی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانه،‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ تێڕوانینی فراكسیۆنی پارتیشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامندانی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێت هه‌موو لایه‌نی سیاسیه‌كان پابه‌ندی بن، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پابه‌ندن به‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌وه‌ یاخود نا؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ تێڕوانینی پارتیه‌ فه‌رمیه‌ پابه‌ندین وه‌كو ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی له‌به‌غداد به‌و بڕیاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی . "

"لایەنە سیاسییەکان ئەو مەرجانە قبوڵ ناکەن "

پێتوایه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئه‌م مه‌رجانه‌ قبوڵ بكه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌كان گره‌نتی بده‌ن ئه‌نجامه‌كانی دوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان قبوڵ ده‌كه‌ن ؟
لە وەڵامدا پەرلەمانتارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، شێروان دووبەردانی وتی" به‌ڕای خۆم ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ و ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ كرا له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2005 كه‌ زۆرینه‌یان له‌هه‌ولێر له‌سه‌ر ده‌ستی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی كرا ئه‌و حكومه‌تانه‌ پێكهات یه‌كێک له‌و گرێبه‌ستانه‌ مه‌رجه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرا كێ زامنه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێ بكرێت؟ من وه‌كو خۆم ترسم هه‌یه‌ له‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی دیكه‌ به‌ڵام به‌ڵێ پارتی پابه‌نده‌ به‌هه‌ر مه‌رجێک هه‌بێت 100% به‌ڵام ئایا لایه‌نی تر پابه‌نده‌ ده‌بێت به‌و مه‌رجانه؟"

پێتوایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی له‌ئێستادا له‌عێراقدان له‌ڕووی واقیعیه‌وه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن؟
وەڵامەکەی دوو بەردانی بەمجۆرە بوو" نه‌خێر، چونكه‌ زۆر گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد هیچ جێبه‌جێ نه‌كراوه،‌ هۆكاریش ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانەیە، ‌ یه‌كێک له‌وانه‌ ڕێككه‌وتنی شه‌نگال، پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كان واته‌ ئه‌وانه‌ هیچیان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ ئه‌مانه‌ زامنی كێیه‌؟ به‌ڵێ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ین و دوباره‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام كێ زامنی ئه‌و مه‌رجانه‌ ده‌كات؟"

" ترسمان له‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ دوباره‌ ببێته‌وه‌ "

وەک پارتی ئه‌و مه‌رجانه‌تان بۆچی داناوه کە دەزانن جێ بەجێ ناکرێت هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو‌؟
لە وەڵامدا شێروان دووبەردانی وتی" ئێمه‌ ترسمان له‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ دوباره‌ ببێته‌وه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ وه‌كو ئاماژه‌م پێدا هه‌ڵبژاردنی 10-10-2021 باشترین و پاكترین هه‌ڵبژاردن بوو له‌سه‌رئاستی عێراق، ئینجا ئه‌نجامه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد، ئێمه‌ ته‌نها گره‌تیمان ده‌وێت کە ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە ئەوا لایەنەکان ئەنجامەکەی قبوڵ بکەن، ئه‌گه‌رنا پارتی كێشه‌ی نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن. "

دووبەردانی جەختیکردەوە" به‌دڵنیاییه‌وه‌ پارتی كێشه‌ی نییه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیش ئاشكرایه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌مان ده‌وێت ئه‌نجامه‌كان جێبه‌جێ بكرێت هه‌ر ئه‌نجامێک بێت 100 كورسی بهێنین یان 10 كورسی بهێنین بۆ پارتی ته‌واوه،‌ دواتر ده‌بێت لایه‌نە سیاسییەکان ڕێككه‌وتن بكەن له‌سه‌ری ئه‌و مه‌رجه‌ گرنگه‌ بۆ هه‌موویان نه‌ک هه‌ر بۆ پارتی ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌ و لایه‌نی سیاسی داننه‌نێن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن واته‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ سه‌ر خاڵی سفر دوباره‌ كێشه‌ی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت ببێت، سه‌رۆک كۆمار دانه‌نرێت و په‌كبخرێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی كاره‌ساته‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان واته‌ بارودۆخێكی خراپ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق. "
هەروەها وتیشی" به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌ و داننه‌نرێت به‌ئه‌نجامه‌كانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی دوای 10-10 وەک ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ له‌وكێشانه‌یه‌ كه‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌. "

- ده‌نگی ئه‌مریكا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن