290 کوردستان

وه‌زیری په‌روه‌رده‌: لابردنی پەروەردەی ئیسلامی هیچ بنەمایەکی نییە

06:45 - 27/06/2022

"زەمەن"

ئالان حه‌مە سه‌عید، وەزیری پەروەردە، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له‌ قۆناغه‌كانی خوێندن لابرابێت.

ئه‌مرۆ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: مه‌نهه‌جی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له‌ قۆناغه‌كانی خوێندن لاده‌برێت.

به‌ڵام ئالان حه‌مە سه‌عید، وەزیری پەروەردە، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: لابردنی خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی لە قۆناغەکانی خوێندن هیچ بنەمایەکی نییە.

وتی: ئەم بابەتە چەندین جار ڕوونکردنەوەی لەسەر دراوە ، بەداخەوە ساڵانە ئەم بابەتە بەناڕەوا دەوروژێندرێت، پار ساڵیش هەمان قسە کرا و بەڵام بانگەشەکارانی ئەم بابەتە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢)جگە لە ئیحراجی هیچیان بۆ نەمایەوە کە بینیان کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە جوانترین و نوێترین شێواز دیزاین کراون.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌:


ڕوونکردنەوەیەک لە وەزیری پەروەردەوە :
لابردنی خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی لە قۆناغەکانی خوێندن هیچ بنەمایەکی نییە ، ئەم بابەتە چەندین جار ڕوونکردنەوەی لەسەر دراوە ، بەداخەوە ساڵانە ئەم بابەتە بەناڕەوا دەوروژێندرێت، پار ساڵیش هەمان قسە کرا و بەڵام بانگەشەکارانی ئەم بابەتە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢)جگە لە ئیحراجی هیچیان بۆ نەمایەوە کە بینیان کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە جوانترین و نوێترین شێواز دیزاین کراون. لێرە بەڵگەی ئەوە دەخەمە ڕوو ئێمە کە ئێستا لە قۆناغی چاپکردنی کتێبەکانین بۆ ساڵی نوێی خوێندنی( ٢٠٢٢-٢٠٢٣) ، یەکەم کتێب کە چاپمان کردبێت کتێبی پەروەردەی ئیسلامییە.
ئالان حه‌مە سه‌عید
وەزیری پەروەردە
٢٧ی ٦ی ٢٠٢٢

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن