370 عیراق

سیستانی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی دیاریكرد

03:57 - 26/06/2022

"زەمەن"

 

نوسینگەی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق پێشبینی خۆی بۆ یه‌كه‌م رۆژی مانگی ذوالحیجە و یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی ئاشكرا كرد. كه‌ جیاوازه‌ له‌و رێكه‌وته‌ی ناوه‌نده‌ سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كان دیاریانكردووه‌.

نووسینگەی سیستانی لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی 1ی تەمموز یەکەم رۆژی مانگی ذوالحیجە بێت، بەمەش یەکشەممە 10ی تەمموز یەکەم رۆژی جەژنی قوربانه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر د. عەبدوڵا مەسنەد، مامۆستای زانكۆ لە وانەی فەلەكناسی لە زانكۆی قەسیم لە سعودیە، ڕایگەیاندبوو، ٣٠ی حوزەیران یەكەم ڕۆژی مانگی (ذوالحجە) دەبێت و ڕۆژی هەینی كە ٨ی تەمموزە ڕۆژی وەستانی حاجیان دەبێت لە عەرەفە و ڕۆژی شەممە، كە دەبێتە ٩ی تەمموز یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.

هه‌روه‌ها محەمەد كەمال، شارەزای گەردوونی و كەشناسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووه‌، مانگی (زولقەعدە) ٢٩ ڕۆژ دەبێت و لەكاتژمێر ٦:٢٠ خولەكی چوار شەممە ٢٠٢٢/٦/٢٩ مانگی نوێ دەبینرێت، كە بەقەد تاڵە موویەك باریكه و ڕێكەوتی ٢٠٢٢/٦/٣٠ یەكەمین ڕۆژی نۆمینەی حاجیان (زولحەجە) دەبێت.

وتیشی، “پشتیوان بەخوای گەورە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/٧/٨ ڕۆژی عەرەفە دەبێت و حاجیان دەچنه سەر كێوی عەرەفه و ڕۆژی شەممە ٢٠٢٢/٧/٩ یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێت”.

بڕیارە ڕۆژی ٢٨ مانگ بە فەرمی بڕیار لەسەریەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بدرێت کە چوار ڕۆژ دەبێت و پێشبینیش دەکرێت ٩ ڕۆژ بەسەریەکەوە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پشووی فەرمی بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن