تەندروستی

ئەو سەوزەو میوانەی بە ئاوی تانجەرۆ ئاودێری ئەکرێن؛ سەرجەمیان ژەھراوین و ھۆکاری شێرپەنجەو چەندین نەخۆشی کوشندەی ترن

03:13 - 20/06/2022 207 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن _ تەندروستی

سەعد محەمەد ئەبوبەکر

 

کادمیۆم؛ یەکێکە لەو توخمە قورسانەی کە وەکو ھەمو توخمەکانی تر؛لە خاک و ،بە شێوەی پێکھاتە لەگەڵ توخمەکانی تری وەکو زینک و قورقشم و مس و ، بە شێوەی کبریتیدو کبریتایدو …ھتد ھەیە.


بەکار دەھێنرێ بۆ ڕوپۆشکردن(بەو پێیەی بەرگری داخورانی زۆرە)، لە پیشەسازیەکانی   گەڵڤەنایس و پاتری و دروستکردنی پەیین و تەنانەت  لە کارگەی دروستکردنی بەرھەمی پلاستیکیشا بونی ھەیە(ھەمو ئەم کارگانە لە تانجەرۆ ھەن).


زۆربەی ھەرەزۆری کارگە پیشەسازیەکانی تانجەرۆ،پاشەڕۆ شلەکانیان(liquid waste) فڕێ ئەدەنە ناو چەمی تانجەرۆوە، کارگەکان،زۆرینەیان یان یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆیان نیە، یان ھەیانەو بە گوێرەی پێویست نیە.


ئەم پاشەڕۆ ئاوییەش؛دەوڵەمەندە بە کادمیۆم و توخمە قورسەکانیتر کە توانایان ھەیە بچنە ناو پێکھاتەی سەوزەو میوەکەوە(واتە بە شۆردن و خوێیاویش چارەسەر ناکرێن).

 

کادمیۆم لە ڕێگای خواردنەوە ئەچێتە ناو لەش و ، لەسەر گورچیلەکان کۆئەبێتەوەو سستیان ئەکات.

 

کار ئەکاتە سەر جگەرو ،ئێسک و تەنانەت  کار ئەکاتە سەر سیەکان و ئەبێتە ھۆی شێرپەنجە و مردن.


سەرەڕای سەوزەوات و میوە..خواردنی گورچیلەی ئەو ئاژەڵانەش ژەھراویە کە لە چەمی تانجەرۆیا ئەلەوەڕێندرێن.


زۆرینەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە کاتی چاودێریکردنی کارگەکانا؛ تەنھا تەرکیز ئەخەنە سەر ڕێژەی سەوزایی..ئیتر دیوە ترسناکەکەی تری ئەو کارگانە نابینن کە پاشەڕۆی شل و پاشەڕۆی گازیە! زۆرینەیان بێئاگان لەوەی کە دارودرەخت و سەوزایی تەنھا ئەتوانێ باڵانسی ڕێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن بکات..نەک ئەم مادە قورسانەی تر کە زیانیان چەندینجار زیاترە لە دوانۆکسیدی کاربۆن.


حکومەت دانی بە تاوانێکا ناوە؛ دەڵێت(سەوزەو میوەی تانجەرۆ بە ئاوی قورس ئاو ئەدرێن) ، پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆچی سەرەڕای ئەم ھەمو لیژنەو دامودەزگایانە(کە خۆیشم چەندینجار لیژنە بوم)گەیشتونەتە ئەم حاڵەتەی کە ئاوی تانجەرۆ بگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارە لە پیسبون؟

 

 

ئایا کەمتەرخەمیەکە ؛نفوزی خاوەن کارگەکانە؟ یان کەمتەرخەمی و بێپلانی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتە؟ یان ھەردوکیان؟


تێبینی/ نەمویستوە زۆر بچمە ناو لایەنە زانستیەکەوەو تەنھا بە ڕاگوزەرێک باسم کردوە، بە شێوەیەک کە ھەمو کەسێک خۆی بە دوربگرێ لە کڕین و خواردنی سەوزەو میوەی ئاودراو بە ئاوی چەمی تانجەرۆ.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن